رووسیا دەستپێشخەرییەکی نوێی گفتوگۆ بە بەشداریی عێراق رادەگەیەنێت
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا، دەستپێشخەرییەکی بە مەبەستی دەستپێکردنی دیالۆگێکی هەرێمی بە بەشداریی عێراق و کۆمکاری عەرەبی راگەیاند.
هەینی، 17ـی تەممووزی 2026، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، مۆسکۆ پێشتر پشتیوانیی لە واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکای کردبوو، بەڵام چاوەڕوانییەکان نەهاتنە دی.
وەزیری دەرەوەی رووسیا روونیشی کردەوە، هەردوولا تۆمەتی پێشێلکردنی رێککەوتنەکە و ئەنجامدانی هێرشی مووشەکی دەدەنە پاڵ یەکدی، کە باجەکەشی وڵاتانی کەنداو دەیدەن. هۆشداریشی دا لەوەی کە چڕبوونەوەی گرژییەکان دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی مەترسییەکان لەسەر ئابووری و ئاسایشی ناوچەکە.
لاڤرۆڤ گوتیشی: "ئێمە دەستپێشخەریی رووسیا بۆ دیالۆگ لە ناوچەکەدا بە بەشداریی ئوردن، عێراق و کۆمکاری عەرەبی و بە پشتیوانیی چین، میسر و پاکستان رادەگەیەنین". ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران ئامادەیی خۆی بۆ بەشداریکردن لەو دیالۆگەدا نیشانداوە.
باسی لەوەش کرد، مۆسکۆ، هەوڵی وڵاتە نێوەندگیرەکان بەرز دەنرخێنێت. هەروەها دەشڵێت: لایەنێک هەیە هەوڵی شکستپێهێنانی نزیکبوونەوەی نێوان ئێران و وڵاتانی کەنداو دەدات بۆ دروستکردنی بەرەیەکی فراوانتر دژی تاران.
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەم قەیرانە لەسەر شەڕی ئۆکرانیا، لاڤرۆڤ گوتی: کیێڤ بە توندی نیگەرانە، چونکە تەنگژەکانی ناوچەی کەنداو سەرنجی وڵاتانی رۆژئاوا لادەبات کە ئۆکرانیا داوای پاڵپشتیی بەردەوام و بێمەرجی لێ دەکردن.
گوتیشی: ئەوروپا فشاری خستە سەر واشنتن بۆ ئەوەی لە هەڵوێستێکی هاوسەنگەوە بەرەو پشتیوانیی تەواوەتی بۆ ئۆکرانیا هەنگاو بنێت.
وەزیری دەرەوەی رووسیا جەختی کردەوە، گەرووی هورمز وەک یەکێک لە گرنگترین شادەمارەکانی بازرگانیی جیهانی دادەنرێت، بەڵام لە ئێستادا چیدیکە مەلەوانگە و ڕێڕەوێکی ئازاد نییە.