ئەڵمانیا و فەرەنسا کار لەسەر بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمی دەکەن

راوێژکاری ئەڵمانیا، بڕیارێکی ستراتیژیی مێژوویی راگەیاند بە قبووڵکردنی پێشنیازەکەی فەرەنسا بۆ هاوکاری لە بواری بەرگری و بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمی". ئەم هەنگاوە نوێیەی بەرلین و پاریس لە کاتێکدایە کە هەردوو وڵات مەترسییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئاسایش و ئاڵنگەرییەکانی چین بۆ سەر ئابووری بە جددی وەردەگرن و جەخت دەکەنەوە کە هاوبەشیی نێوان ئەوروپا و ئەمریکا چیتر وەک جاران بەڵگە نەویست و مسۆگەر نییە.

هەینی 17ـی تەممووزی 2026، فریدریک مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا ئاشکرای کرد، بۆ یەکەمجار لە مێژووی وڵاتەکەیدا، پێشنیازەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسای قبووڵ کردووە بۆ بیرکردنەوەی هاوبەش لەبارەی بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمی؛ مێرز گوتی: "پێشتر و لە سەردەمی شارڵ دی گۆڵدا پێشنیازی هاوشێوە هەبووە و ئەڵمانیا رەتی کردووەتەوە، چونکە لە جیهانێکی جیاوازدا دەژیاین، بەڵام جیهانی ئەمڕۆ پێویستی بە وەڵامی نوێ هەیە."

راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، هێزە تەقلیدییەکانی وڵاتەکەی بەشداری لە مانۆڕە ئەتۆمییەکانی فەرەنسادا دەکەن بۆ بەهێزکردنی پاراستنی کیشوەری ئەوروپا.

لەلایەکی دیکەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، سەرنجی خستە سەر پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ چین و رایگەیاند: "من دژی چین نیم، بەڵام ناتوانین چاوپۆشی لەوە بکەین کە ساڵانە کورتهێنانی بازرگانیمان لەگەڵ بەیژینگ زیاد دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی هەزاران هەلی کار لە ئەوروپا."

ماکرۆن جەختی کردەوە کە ئەوروپا پێویستی بە گواستنەوەی تەکنۆلۆژیا هەیە نەک تەنیا هاوردەکردنی کاڵا، و رەخنەی لەوە گرت کە چین 8 هێندەی ئەوروپا پشتیوانیی دارایی پیشەسازییەکانی خۆی دەکات، کە ئەمەش هاوسەنگیی کێبڕکێی بازاڕی تێکداوە.

سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات، راوێژکاری ئەڵمانیا دڵنیایی دا، دۆستایەتیی بەرلین و پاریس ناگۆڕێت و گوتی: "دەستی ئەڵمانیا هەمیشە بۆ فەڕەنسا درێژکراوە دەبێت، بێ گوێدانە ئەوەی کێ دەبێتە سەرۆکی داهاتوو."

مێرز راشیگەیاند: "رووسیا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ئێمە و چینیش ئاڵنگەرییە بۆ سەر ئابووریمان. لە سایەی ئەم گۆڕانکارییانەدا، هاوبەشیی نێوان هەردوو دیوی زەریای ئەتڵەسی چیتر ناتوانرێت وەک شتێکی مسۆگەر و جێگیر سەیر بکرێت، بەڵکو پێویستی بە کارکردنی زیاتر هەیە."