ئیمارات هاوسۆزیی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دووپات دەکاتەوە
ئیمارات سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەکات و جەخت دەکاتەوە، کە ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی زەق و ئاشکرای سەروەریی خاکی عێراق و کوردستانە.
هەینی، 17ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران دەکەین کە هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هێرشە دەستدرێژیکارانەیە پێشێلکارییەکی زەق و ئاشکرای سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستانە، هاوکات هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیرییان.
هەر لە راگەیەنراوەکەدا، وەزارەتەکە، هاوسۆزیی تەواوی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و، پاڵپشتیی خۆی بۆ سەرجەم ئەو هەنگاوانە دووپات کردەوە کە دەبنە هۆی پاراستنی ئاسایش، سەقامگیری و پارێزگاریکردن لە سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کاتژمێر 4:19 تا 5:25، هێزەکانی هاوپەیمانان هەشت درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە ئاسمانی هەولێر تێکشکاند و خستە خوارەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێ بکەوێتەوە.
هەروەها شەوی چوارشەممە، 15ـی تەممووزی 2026، هێرشێکی هاوشێوە کرایە سەر پایتەختی هەرێمی کوردستان؛ لەو هێرشەشدا هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە نێوان کاتژمێر 20:53 تا 21:20، توانیبوویان هەشت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوی دیکە لە ئاسمانی هەولێر تێکبشکێنن، کە دیسانەوە هیچ زیانێکی لێ نەکەوتبووەوە.