سوپای پاسداران هێرشی کردە سەر بنکەیەکی ئەمریکا لە ئوردن

ئەمڕۆ شەممە، 18ـی تەممووزی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هێزە ئاسمانییەکانیان هێرشێکی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان کردووەتە سەر حەشارگەی فڕۆکە جەنگییەکان و سەکۆیەکی سەرەکیی وەستانی فڕۆکەکان لە بنکەی ئاسمانیی "ئەزرەق"ی ئەمریکی لە ئوردندا.

بەپێی راگەیەندراوەکەی سوپای پاسداران، هێرشەکە لە چوارچێوەی قۆناخی 20ـی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە "نەسر 2" بەڕێوەچووە، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەهۆی ئەم هێرشەوە، لانی کەم دوو فڕۆکەی جەنگی و سێ فڕۆکەی تری ئەمریکی تێکشکێندراون و زیانی زۆریش بە ژمارەیەکی دیکەیان گەیشتووە.

سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هێرشە لە وەڵامی کردەوەکانی ئەمریکادا بووە و هێزەکانی ئەمریکای تۆمەتبار کردووە بەوەی کە لە پێناو شاردنەوەی شکستەکانیان لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆدا، پەنا دەبەنە بەر لێدانی بنکە و دامەزراوە مەدەنییەکانی وەک نەخۆشخانەکان، پردەکان، هێڵی شەمەندەفەر، بەندەر و فڕۆکەخانەکان و کوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی، سوپای پاسداران رووی دەمی کردووەتە گەل و سوپای ئوردن و داوای لێکردوون رووبەڕووی هێزەکانی ئەمریکا ببنەوە لە وڵاتەکەیاندا، چونکە هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا داگیرکەرن دەبێت خاکی ئوردنیان لێ پاکبکرێتەوە.