کوەیت: هێرشەکانی ئێران زیانی گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە

کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی کوەیت، ئەمڕۆ شەممە، 18ـی تەممووزی 2026 رایگەیاند، بەهۆی هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی ئێرانەوە بۆ سەر چەند پێگەیەکی گرنگی کەرتی نەوتی وڵاتەکە، چەندین کارمەند بریندار بوون و زیانی ماددی زۆریش بەو شوێنانە گەیشتووە.

کۆمانیای پێترۆڵی کوەیتی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەم "دەستدرێژییە" بەردەوامانەی ئێران بۆ سەر دامەزراوەکانی کەرتی نەوت، بووەتە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک لە کارمەندانی ئەو بەشە و زیان گەیاندن بە پێگەکان.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی کوەیت ئەو هێرشانەی کە ویستگەیەکی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و شیرینکردنی ئاوی کردووەتە ئامانج، بە دەستدرێژییەکانی ئێرانی ناوبرد و بە توندی سەرکۆنەی کرد. 

وەزارەتی دەرەوە راشیگەیاند "دووبارەبوونەوەی بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی وڵات، گوزارشت لە رێگەیەکی شەڕانگێزانە و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکات."

هەروەها جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکەی مافی پاراستنی ئاسایش و بەرگریکردن لە خاک و دامەزراوەکانی خۆی هەیە.

ئەمڕۆ شەممە، سوپای کوەیت لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، توانیویانە لە ناوچەی ئاسمانی خۆیاندا بەرپەرچی چەندین مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی  ئێران بدەنەوە، سوپای وڵاتەکە روونیشیکردەوە بەهۆی تێکشکاندنی ئەو مووشەک و درۆنانەوە، پارچەکانیان لە چەند ناوچەیەک کەوتوونەتە خوارەوە و تەنها زیانی ماددیان لێکەوتووەتەوە بەبێ ئەوەی زیانی گیانی هەبێت، هاوکات باسی لەوەشکردووە، هێرشەکان کەرتی نەوت، کارەبا و ئاویان کردووەتە ئامانج و بوونەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە و زیانی گەورە.

ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە کە سوپای پاسدارانی ئێران، بەیانی ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر چەندین بنکەی سەربازی و لۆجستی ئەمریکا لە ولاتانی کوەیت، بەحرەین و ئوردن.