داخستنی هورمز، نەخشەی هەناردەی نەوت لە ناوچەکەدا دەگۆڕێت

راپۆرتێکی هاوبەشی "بلومبێرگ" و ماڵپەڕی "تانکەر تراکەرز" ئاشکرای کرد کە بەهۆی شەڕی ئێران و ناسەقامگیریی گەرووی هورمز، عێراق و وڵاتانی کەنداو ستراتیژیی هەناردەکردنی نەوتیان گۆڕیوە بۆ رێگەی بەدیل. بەپێی داتاکان، عێراق لە کۆتایی نیسانی رابردووەوە 12 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و سووتەمەنی رەشی لە رێگەی بارهەڵگرەوە بۆ بەندەری بانیاسی سووریا و عەقەبەی ئوردن گواستووەتەوە. ئەم وەرچەرخانە مێژووییە، سووریای کردووەتە خاوەنی 28%ی کۆی گشتیی هەناردەی نەوتی رەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای ئەوەی ئەمریکا سزاکانی لەسەر لادا.

شەممە 18ی تەممووزی 2026، بەپێی داتاکانی ماڵپەڕی تانکەر تراکەرز، لە کۆتایی مانگی نیسانی 2026ەوە تا ئێستا، عێراق 12 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە رێگەی بەندەری بانیاسی سووریاوە هەناردە کردووە، کە پێکهاتووە لە 7 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و 5 ملیۆن بەرمیل سووتەمەنی رەش.

هەروەها بلوومبێرگ لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، سووریا تەنیا لە ماوەی چەند مانگێکدا، لە وڵاتێکەوە کە هیچ سووتەمەنییەکی تێدا نەدەگوازرایەوە، بووەتە خاوەنی 28%ی کۆی گشتیی هەناردەی نەوتی رەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. تەنیا لە مانگی حوزەیراندا، 720 هەزار تۆن سووتەمەنی لە رێگەی سووریاوە هەناردە کراوە، ئەمەش وەرچەرخانێکی مێژووییە بۆ ئابووریی ئەو وڵاتە دوای ئەوەی ئەمریکا سزاکانی لەسەر لادان.

وەزارەتی نەوتی عێراقیش باسی لەوە کردووە، هەناردەی بارهەڵگرەکان لە 500 هەزار تۆن لە مانگی ئایارەوە بۆ یەک ملیۆن تۆن لە مانگی حوزەیراندا بەرزبووەتەوە.

لە راپۆرتەکەی بلوومبێرگدا هاتووە، هەزاران بارهەڵگر بەکار دەهێنرێن کە هەر یەکێکیان 20 تۆن (نزیکەی 135 بەرمیل) سووتەمەنی هەڵدەگرن. گەشتەکە لە کێڵگەکان و پاڵاوگەکانی عێراقەوە بۆ بەندەرەکانی سووریا و ئوردن نێوان 4 بۆ 6 رۆژ دەخایەنێت. بۆ بەراوردکردن، کەشتییەکی بچووک 300 هەزار بەرمیل و تانکەرێکی گەورە 700 هەزار بەرمیل نەوت هەڵدەگرن، بەڵام عێراق بەهۆی مەترسییەکانی گەرووی هورمزەوە، بارهەڵگری وەک بەدیل هەڵبژاردووە.

ئاماژەشی داوە، بەهۆی شەڕی ئێران و ناسەقامگیریی گەرووی هورمز، کە پێشتر 20%ی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبوو، عێراق و وڵاتانی کەنداو ناچار بوون بەدوای رێگەی جێگرەوەدا بگەڕێن. عێراق نەک تەنیا لە رێگەی سووریا، بەڵکو لە رێگەی بەندەری "عەقەبە"ی ئوردنیشەوە رۆژانە بڕێکی زۆر سووتەمەنی هەناردە دەکات. کۆمپانیاکانی وەک "Lytton SA" و "گرووپی رانیە" رۆڵی سەرەکی لەم گواستنەوە زەبەلاحەدا دەگێڕن.

بە گوێرەی راپۆرتەکە عێراق بە تەنیا ئەم هەنگاوەی نەگرتووەتە بەر، بەڵکوو تەواوی وڵاتانی کەنداو خەریکی دۆزینەوەی رێگەی جێگرەوەن، لە وانە:

- ئیمارات: هەناردەکردنی نەوتی لە رێگەی بۆرییەکەوە بۆ کەناراوەکانی رۆژهەڵات (فۆجەیرە) خێرا کردووە.

- سعوودیە: پەنای بۆ بەندەری یەنبوع لەسەر دەریای سوور بردووە.

- کوەیت: لە گفتوگۆدایە لەگەڵ دراوسێیەکانی بۆ بەکارهێنانی بۆرییەکانی ئەوان.

عێراقیش دەیەوێت بەم بارهەڵگرانە رێگری بکات لەوەی پاڵاوگەکانی بەهۆی پڕبوونی کۆگاکانەوە پەکبکەون، کە ئەمەش کاریگەری دەکاتە سەر بەرهەمهێنانی بەنزین و گازوایل لە ناوخۆدا.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە، تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا، خەریکی دانوستانە بۆ چالاککردنەوەی بۆریی نەوتی کەرکووک-بانیاس کە زیاتر لە 20 ساڵە پەککەوتووە. کۆمپانیا ئەمریکییەکانی وەک شێڤرۆن چاویان لە بەشداریکردنە لەم پڕۆژەیەدا. هەرچەندە ئاستەنگی وەک مەترسیی شانە نووستوەکانی داعش لە سووریا هەیە، بەڵام واشنتن پشتیوانیی تەواوی ئەم پڕۆژەیە دەکات بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا.

رەعد قادیری، شارەزای سیاسی لە واشنتن، پێی وایە ئەم پڕۆسەیە عێراقی گەڕاندووەتەوە بۆ بیری ساڵانی هەشتاکان؛ ئەو کاتەی بەغدا تێگەیشت کە نابێت تەنیا پشت بە یەک رێڕەو ببەستێت. تەنانەت ئەگەر شەڕی ئێستاش کۆتایی بێت، عێراق و وڵاتانی ناوچەکە بەردەوام دەبن لە فرەچەشنکردنی رێگەکانی هەناردە، تاوەکو چیتر ئابوورییەکانیان نەکەوێتە ژێر ڕەحمەتی گرژییەکانی گەرووی هورمز.