تاران: پابەندبوون بە رێککەوتنەکان بە یەکلایەنە نابێت
"بە هاوبەشی لەگەڵ عومان میکانیزمی بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز دادەڕێژین"
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی تەنیا کاتێک پابەندی بەڵێنەکانی دەبێت کە ئەمریکاش پابەند بێت بە ئەرکەکانییەوە. هەروەها هۆکاری هەڵپەساردنی پرۆسەی دانوستان و رێککەوتنەکانی گەڕاندەوە بۆ پێشێلکارییە بەردەوامەکانی واشنتن.
شەممە، 18ـی تەممووزی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا گوتی: ئێران پابەندیی بەڵێنەکانی دەبێت تا ئەو کاتەی ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانی بێت؛ بۆیە ناکرێت چاوەڕوانی پابەندبوون بە بەڵێنەکان بە شێوەیەکی یەکلایەنە بکرێت.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، ئێران لە چرکەساتی یەکەمەوە دەستپێشخەر نەبووە لە پێشێلکردنی هیچ بەڵێنێکدا، لە کاتێکدا ئەمریکا لە یەکەم رۆژەکانییەوە بە شێوەیەکی کردەیی رێککەوتنەکەی پێشێل کردووە
لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد، "پرۆسەی دانوستان و رێککەوتنەکان بە تەواوی هەڵپەسێردراون بەهۆی پێشێلکردنی بەڵێنەکان لە لایەن واشنتن و بەردەوامبوونی هێرشەکانی".
روونیشی کردەوە، پێکهاتەی دەسەڵاتی ئێستا لە ئەمریکا پارچەپارچە و دابەشبووە و لۆبییەکانی فشار رێگری لێ دەکەن پابەندی واژۆکانی بێت.
بەقایی هێرشکردنە سەر ناوەندە مەدەنییەکان و ژێرخانە شارستانییەکان لە ئێران سەرکۆنە دەکات و ئەم رێکارانە بە تاوانەکانی جەنگ و هەوڵدان بۆ کۆمەڵکوژی دادەنێت"، هاوکات "ئامادەیی تەواوی هێزەکانی بەرگری وڵات شانبەشانی بەردەوامبوون لە پرۆسەی دیپلۆماسی" دووپات کردەوە.
ئاماژەی بەوەش دا، "گەلی ئێران هیچ دوژمنایەتییەکی لەگەڵ گەلی ئەمریکادا نییە، بەڵام دەبێت رای گشتیی جیهان رێگری بکات لە بە دامەزراوەییبوونی زۆرداری لە سیستمی نێودەوڵەتیدا".
هەورەها دووپاتی کردەوە، "لە دەقی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە ئاماژەی بەوە کرابوو کە ئێران بە راوێژ لەگەڵ عومان، میکانیزمە پێویستەکان بۆ بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز دادەڕێژێت".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕوونیشی کردەوە، "ئەمریکییەکان دەرفەتی تەواوبوونی ماوەی 30 رۆژەکەیان نەدا تاوەکوو بتوانین میکانیزمە پێویستەکان بۆ تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز بڵاو بکەینەوە".
گوتیشی: "هیچ خاڵێک لە یاداشتنامەکەدا نییە کە رێگە بە ئەمریکا بدات رێڕەوێکی هاوتەریب و سەربەخۆ لە گەرووی هورمزدا دروست بکات".
سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، "ئەمریکییەکان بەشێک لە گەرووی هورمز و بنکە سەربازییەکانیان لە وڵاتانی کەنداو بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی دژی ئێران بەکار هێناوە".