سوپای ئێران: دوو بنکەی سەربازیی ئەمریکامان لە کوەیت کردە ئامانج
سوپای ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە، رایگەیاند؛ لە رێگەی درۆنی بۆمبرێژکراو دوو بنکەی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکایان لە خاکی کوەیت کردووەتە ئامانج، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی کە ئەمریکا کردوویەتیە سەر خاکەکەی.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سوپای ئێران کە تەلەفزیۆنی فەرمی ئەو وڵاتە بڵاویکردووەتەوە، هێرشەکان بەرفراوان بوون و ئامانج لێیان پێکانی چەند خاڵێکی ستراتیژی بووە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ درۆنەکان کۆگایەکی چەک و سوپای ئەمریکایان لە بنکەی ئەدەیرع "بیورینگ" پێکاوە، کە دەکەوێتە بیابانی باکووری رۆژئاوای کوەیت.
هەروەها سوپای ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، لە هێرشێکی دیکەدا بنکەی ئاسمانی عەلی سالمیان لە کوەیت کردووەتە ئامانج و تێیدا سیستەمی راداری پاتریۆت و راداری چاودێریی ئاسمانیی ئەو بنکەیەیان پێکاوە.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، بەرەبەیانی یەکشەممە 19ـی تەممووزی 2026، رایگەیاند؛ هێزەکانیان کاتژمێر 6ی ئێوارەی ئەمڕۆ (بە کاتی رۆژهەڵات، هێزەکانی ئەمریکا دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی نوێ بۆ سەر چەندین ئامانجی سەربازی لە ناو خاکی ئێراندا. سێنتکۆم جەختی کردەوە، ئەم هێرشانە بە ئامانجی "لاوازکردنی زیاتری تواناکانی ئێرانە بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتیوانیی بازرگانی لە گەرووی ستراتیژیی هورمز."
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم هەنگاوە سەربازییە وەک وەڵامێکی دەستبەجێ دێت بۆ ئەو هێرشانەی شەوی رابردوو هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران (IRGC) کردیانە سەر سەربازانی ئەمریکی لە وڵاتی ئوردن. واشنتن دەڵێت، ئامانجیان سزادانی توند و خێرای ئەو هێزانەیە بەرژەوەندییەکان و گیانی سەربازانی ئەمریکایان خستووەتە مەترسییەوە.
هەروەها میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، کاتژمێر 01:30ـی بەرەبەیان دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە شاری سیریک، بەندەری عەباس، بەندەری لێنگە و پارێزگای خوزستان بیستراون
رۆژی شەممە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاندبوو، لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران لە خاکی ئوردن، دوو سەربازی وڵاتەکەیان لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا کوژراون. سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردبوو سەربازێکی دیکەیان بێسەروشوێن بووە و چوار سەربازیش بریندار بوون.