نەوزاد کامیل: پرۆسەی زیادکردنی منداڵ و جیاکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنی بەردەوامە
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پرۆسەی نوێکردنەوە و گۆڕانکارییەکانی فۆڕمی ئەلیکترۆنیی خۆراک بەردەوامە و هاووڵاتییان دەتوانن منداڵ زیاد بکەن یان فۆڕمەکانیان جیا بکەنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی تەمموزی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند "پرۆسەی نوێکردنەوەی فۆڕمی خۆراک بەردەوامە و هەموو قۆناخەکانی ئێستا کراوەیە، ئەو هاووڵاتییانەی فۆڕمی ئەلیکترۆنییان هەیە، دەتوانن منداڵەکانیان زیاد بکەن بەو مەرجەی کارتی زانیارییان لە هەرێمی کوردستان بێت."
سەبارەت بەو کەسانەی تازە هاوسەرگیرییان کردووە، نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەی بەوە کرد "ئەو کەسانەی هاوسەرگیرییان کردووە، دەتوانن ناوی خۆیان لە فۆڕمی باوکیان جیابکەنەوە و ببنە خاوەنی فۆڕمی سەربەخۆی خۆیان، پرۆسەکەش بەردەوامە و دانەخراوە."
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی باسی لە گواستنەوەی فۆڕمی خۆراک کرد و گوتی"گواستنەوەی فۆڕم لە بریکارێکەوە بۆ بریکارێکی دیکە لەناو هەمان شاردا، لە رێگەی مۆبایل و ئەپڵیکەیشنەوە دەکرێت، بەڵام بۆ گواستنەوە لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە، پێویستە سەرۆک خێزان سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانمان بکات و لەگەڵ خۆیدا کارتی نیشتمانی منداڵەکانی ببات بۆ ئەوەی مامەڵەی گواستنەوەکەی بۆ ئەنجام بدرێت."
نەوزاد شێخ کامیل جەختی لەوەش کردەوە، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 95٪ـی خەڵکی هەرێمی کوردستان بوونەتە خاوەنی فۆڕمی ئەلیکترۆنی و پرۆسەکەش بۆ ئەو کەسانەی تائێستا نەیانکردووە یان پێویستییان بە گۆڕانکارییە، بەردەوامی دەبێت.
پێنجشەممە، 29ـی ئایاری 2025، ئەپڵیکەیشنی خۆراک لە هەولێر بەفەرمی کارا کرا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی هەشت هەزار بریکاری ئارد و خۆراک هەن و پێنج ملیۆن و 350هەزار کەس بەشەخۆراکی مانگانە وەردەگرن.
لە سنووری پارێزگای هەولێر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە دوو هەزار و 297. بریکاری ئارد و خۆراک هەن.
پێشتر لە 8ی ئایاری 2025، پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی بریکارەکانی خۆراک وەک یەکەم پارێزگا بە فەرمی لە هەڵەبجە کارا کرا.