فیلمی سینەمایی "یەک نیگا" دەچێتە کێبڕکێی فێستیڤاڵە جیهانییەکان

کورتەفیلمی "یەک نیگا" کە لە دەرهێنانی شەماڵ حوسێنە و تیشک دەخاتە سەر بەها مرۆییەکان و گرنگی سوپاسگوزاری بۆ تەندروستی، بەرهەمهێنرا و رەوانەی چەندین فێستیڤاڵی سینەمایی لەسەر ئاستی جیهان کرا.

ئەمڕۆ دووشەممە20ی تەممووزی 2026، شەماڵ حوسێن، دەرهێنەری کورتەفیلمەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند: "کورتەفیلمی یەک نیگا ماوەکەی یەک خولەک و 49 چرکەیە، تیشک دەخاتە سەر یەکێک لە بابەتە مرۆیی و کاریگەرەکان؛ ئەویش گرنگی سوپاسگوزاریی بۆ نیعمەتەکانی خودایە، بە تایبەتی تەندروستی کە زۆرجار مرۆڤ بە ئاسانی لێی دەڕوانێت و بە بەهای راستی نازانێت."

شەماڵ حوسێن گوتیشی: "چیرۆکی فیلمەکە بە بەراوردکردنی دوو ژیانی جیاواز دەگوازرێتەوە؛ لە لایەک کەسێک دەبینین تووشی ئیفلیجی مێشک بووە و تەنیا لە یەک گۆشەوە جیهان دەبینێت، لە بەرامبەریشدا کەسێکی تەندروست نیشان دەدات کە بە ئازادی دەجووڵێت، بەڵام زۆرجار سوپاسگوزاری ئەو نیعمەتانە نییە کە هەیەتی، فیلمەکە لێرەوە پرسیارێکی گرنگ ئاراستەی بینەر دەکات."

سەبارەت بە بەشداریی فیلمەکە لە فێستیڤاڵەکاندا، دەرهێنەرەکە ئاماژەی بەوە دا، ئێستا فیلمەکە بۆ ژمارەیەک فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی لە وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا، بەرازیل، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا و چەند فێستیڤاڵێکی ناسراوی عەرەبی نێردراوە و چاوەڕوانی دەستپێکردنی پێشبڕکێکانن. هیوایشی خواست لە ماوەیەکی نزیکدا ئەنجام و هەواڵی سەرکەوتنی فیلمەکە رابگەیەنرێت.

شەماڵ حوسێن، دەرهێنەر و فیلمسازێکی کوردە و خاوەنی زیاتر لە 20 ساڵ ئەزموونە لە بواری تەلەفزیۆن و سینەمادا. لە ماوەی کارە هونەرییەکانیدا چەندین فیلمی دۆکیۆمێنتاری و کورتی دەرهێناوە و بەردەوام گرنگی بە گەیاندنی چیرۆکە مرۆییەکان بە زمانی سینەما دەدات.