دەنگی چەندین تەقینەوە لە بەحرەین بیسترا

ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی تەممووزی 2026، دەنگی چەندین تەقینەوە لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین بیسترا، ئەمەش دوای ئەوەی زەنگەکانی ئاگادارکردنەوەی هێرشی ئاسمانی لە شارەکەدا لێدران.

لەم بارەیەوە وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" رایگەیاند "زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە؛ داوا لە هاووڵاتیان و نیشتەجێبووان دەکەین هێمن بن، بەرەو نزیکترین شوێنی ئارام بڕۆن و تەنیا لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە بەدواداچوون بۆ هەواڵ و زانیارییەکان بکەن."

هاوکات سوپای کوەیت لە راگەیەندراوێکدا لە پلاتفۆڕمی "ئێکس" بڵاویکردەوە "سیستمی بەرگری ئاسمانی کوەیت لە ئێستادا رووبەڕووی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە دوژمنکارییەکان دەبێتەوە کە لە چوارچێوەی دەستدرێژییەکانی ئێراندا ئاراستە کراون."

هەر ئەمڕۆ دووشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بنکەکانی ئەمریکایان لە کوەیت بۆردومان کردووە.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، هێزەکانیان سیستەمێکی راداریی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی ئەمریکییان بە تەواوی لە رێگەی هێرشێکی درۆنیەوە تێکشکاندووە.

هەروەها لە هێرشێکی تردا، کۆگایەکی کەلوپەل و پارچەی فڕۆکەوانی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی "MQ-9"ی ئەمریکییان لە بنکەی "عەلی سالم" کردووەتە ئامانج، کە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا.