سوپای پاسداران: دوو کەشتی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز تەقینەوە

سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، دوو کەشتی نەوتهەڵگر لە کاتی هەوڵدانیان بۆ تێپەڕین لە رێڕەوێکی باشوور لە گەرووی هورمز، تەقینەوە و لە کارخراون. 

ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی تەممووزی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران ئاماژەی بەوەدا، سوپای ئەمریکای تۆمەتبار کردووە بەوەی هانی کەشتییەکانی داوە ئەو رێڕەوە بەکاربهێنن.

سوپای پاسداران سوپای ئەمریکای بە "تیرۆریست" ناوبردووە و ئاماژەیداوە، لە دووری هەزاران کیلۆمەترەوە هاتووەتە ناوچەکە و هیچ مافێکی یاسایی مانەوەی نییە، هەربۆیە تا ئەو کاتەی سوپای ئەمریکا لە ناوچەنە درێژە بە شەڕانگێزیی بدات، گەرووی هورمز بۆ تێپەڕبوونی پەینی کیمیایی و دلۆپێک نەوت و گازی شل و هیچ کاڵایەک سەلامەت نابێت.

لە بەیاننامەکەی سوپای پاسداران دا، ئاماژە بە ناوی کەشتییەکان، ئاڵاکانیان، ناسنامەی ستافەکەیان یان هەبوونی هیچ کوژراو و بریندارێک نەکراوە.

هاوکات، میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران لە رێگەی مووشەکی بالیستییەوە، فڕۆکەخانەی عەقەبەیان لە ئوردن کردووەتە ئامانج. لە بەیاننامەکەدا هاتووە، فڕۆکە گەورەکانی گواستنەوە و فڕۆکەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی سوپای ئەمریکا لەو فڕۆکەخانەیە کراونەتە ئامانج و "زیانێکی زۆریان بە ژمارەیەکی زۆریان گەیاندووە."