فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانی: کەشتییەکانمان لە بابولمەندەب دەپارێزین
گوتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی لە یەمەن رایگەیاند، هێزەکانیان سەرجەم رێکارە یاسایی و سەربازییەکانیان گرتووەتە بەر بۆ پاراستنی کەشتییەکان لە گەرووی بابولمەندەب، هاوکات تۆمەتەکانی حووسییەکانی سەبارەت بە سەپاندنی گەمارۆ بە تەواوی رەتکردەوە و بە چەواشەکاری ناوبرد.
دووشەممە 20ـی تەممووزی 2026، تورکی مالکی، گوتەبێژی فەرمیی هێزەکانی هاوپەیمانیی پشتیوانی لە شەرعییەت لە یەمەن لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە. فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانییەکە سەرجەم رێکارە توند و لایەنە سەربازییەکانی گرتووەتە بەر بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکان، بە مەبەستی پاراستنی کەشتییە دەریاییەکان لە گەرووی بابولمەندەب.
تورکی مالکی روونیکردەوە، پروپاگەندەکانی حووسییەکان سەبارەت بە داخستنی بەندەر و فرۆکەخانەکانی یەمەن لە چوارچێوەی چەواشەکاری و پەرەپێدانی گرژییەکانیاندایە دژی حکوومەتی شەرعیی یەمەن و دەوڵەتانی دراوسێ.
گوتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی ئاشکرای کرد، تەنیا لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026دا، زیاتر لە 300 کەشتیی بازرگانی کە هەڵگری ماددەی خۆراکی، سووتەمەنی و کەرەستەی بیناسازی بوون، چوونەتە نێو بەندەرەکانی حودەیدە، سەلیف، و رەس عیسا، ئەمەش بێ بنەمایی تۆمەتەکانی حووسییەکان دەسەلمێنێت.
سەبارەت بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعاش، گوتەبێژی هاوپەیمانییەکە رایگەیاند، چەکدارانی حووسی خۆیان هۆکاری سەرەکیی داخستنی فڕۆکەخانەکە و تێکدانی فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانیی یەمەن بوون، و سەرجەم پێشنیاز و دەستپێشخەرییەکانیشیان بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان رەتکردووەتەوە.
تورکی مالکی جەختی کردەوە، فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانی دەستیان کردووە بە پاراستنی کەشتییەکان لە گەرووی بابولمەندەب، و هەر جۆرە هەڕەشەیەکی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە تێپەڕبووەکان بە توندی و بە هێزەوە وەڵام دەدرێتەوە، چونکە ئەم هەڕەشانە سەرپێچییەکی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکانن و لە خانەی چەتەیی دەریاییدا پۆلێن دەکرێن.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە، لە ڕاگەیەندراوێکدا بە توندی تۆمەتەکانی گوتەبێژی سەربازیی گرووپی حووسییەکانی یەمەنی سەرکۆنە کرد، کە ڕیازی بە سەپاندنی گەمارۆ بەسەر گەلی یەمەندا و قەدەخەکردنی کەشتیوانی دەریایی تۆمەتبار کردبوو.
وەزارەتەکە ڕوونیکردەوە، سعوودیە لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام بووە لە هاوکاریکردنی حکوومەتی شەرعیی یەمەن بۆ کەمکردنەوەی نەهامەتییەکانی گەلی یەمەن، لەوانەش پاڵپشتیکردنی بووژانەوەی ئابووری، دابینکردنی بودجەی حکوومەت و ناردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، تەنیا لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026دا، زیاتر لە 300 کەشتیی بازرگانیی خۆراک، سووتەمەنی و کەرەستەی بیناسازی چوونەتە نێو بەندەرەکانی باکووری یەمەن حودەیدە، سەلیف، و ڕەس عیسا، لە کاتێکدا هێزەکانیان بەپێی بڕیاری 2216ی ئەنجوومەنی ئاسایش تەنیا ڕێگری لە هاتنی چەک و تەقەمەنی بۆ حووسییەکان دەکەن.
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە سەرنجی خستووەتە سەر زنجیرەیەک لە هێرشەکانی حووسییەکان بۆ سەر خاکی یەمەن و ئاسایشی دەریایی، لە نێویاندا، هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی عەدەن لە کانوونی یەکەمی 2020، هێرشکردنە سەر بەندەرەکانی هەناردەکردنی نەوت لە تشرینی یەکەمی 2022 بە مەبەستی ڕاگرتنی داهاتی نەوتی حکوومەت کە 60%ی داهاتی گشتی پێکدەهێنێت)، دەستبەسەرداگرتنی چوار فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی یەمەن لە فڕۆکەخانەی سەنعا، و هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە سعوودیە هەمیشە پاڵپشتی لە هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و نەخشەڕێگای ئاشتی کردووە کە حکوومەتی یەمەن قبووڵی کردووە و حووسییەکان ڕەتیان کردووەتەوە.
سعوودیە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بەرپرسیارێتی خۆی هەڵبگرێت بەرامبەر بە جێجێکردنی بڕیارەکانی 2216 و 2722ی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی لە دەریای سووردا، و جەختی کردەوە سعوودیە سەرجەم ڕێکارە پێویستەکان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکان (1982) دەکات بۆ پاراستنی کەشتییەکانی.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە حووسییەکانی یەمەن لە راگەیەندراوێکدا هەڕەشەی توندیان لە سعوودیە کردووە و ئاماژەیانداوە، زیاتر لە 12 ساڵە گەمارۆیەکی توندی خستووەتە سەر یەمەن، بۆیە مامەڵەی هاوشێوە دەکەن و گەمارۆی دەریایی بەسەر سعوودیە دەسەپێنن.