واشنتن پۆست: ئەمریکا خۆی بۆ جەنگێکی فراوان ئامادە دەکات
راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانی ئەمریکا ئاشکرای دەکەن, واشنتن و تاران لە بەردەم جەنگێکی هەمەلایەنەدان، لە کاتێکدا پێنتاگۆن هێزە ئاسمانییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چڕ دەکاتەوە، بەرپرسانی ئەمنیی ئەمریکا هۆشداری دەدەن لە کەمبوونەوەی بەرچاوی تەقەمەنییەکانی هێزەکانیان.
رۆژنامەی "واشنتن پۆست" لە زاری سەرچاوەکانی ناو کۆشکی سپییەوە بڵاویکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە لێواری جەنگێکی راستەوخۆ و گشتگیردان، و بۆ ئەم مەبەستەش ئەمریکا بەردەوامە لە ناردنی فڕۆکە و هێزی ئاسمانیی زیاتر بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەم دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) کوژرانی لانی کەم چوار سەربازی وڵاتەکەی لە ئەنجامی هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا پشتڕاستکردەوە.
هاوکات بەپێی راپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا هێزەکانی ئەمریکا رووبەڕووی چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێران بوونەتەوە، کە بەهۆیەوە دەیان سەرباز بریندار بوون و زیان بە چەندین کۆپتەری جۆری بلاک هۆک گەیشتووە.
بەرپرسێکی ئەمنیی ئەمریکی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە واشنتن پۆستی راگەیاندووە: "ئەمریکا خۆی بۆ جەنگێکی فراوانتر ئامادە دەکات، بەڵام تواناکانمان بەهۆی کەمبوونەوەی تەقەمەنی و مووشەکەکانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە سنووردارە، کە لە قۆناخەکانی پێشتری جەنگەکەدا بەکار هێنراون و کۆگاکانمان بەشی بەردەوامبوونی سەلامەتی ئۆپەراسیۆنەکان ناکات."
هاوکات، پێگەی ئاکسیۆس بڵاویکردەوە کە واشنتن ئیسرائیلی ئاگادارکردووەتەوە لە ناردنی دەیان فڕۆکەی سووتەمەنیبەخش بۆ ناوچەکە پێش دەستپێکردنی هەر ئۆپراسیۆنێکی گریمانەیی دژی ئێران. بەپێی راپۆرتەکان، چەند بژاردەیەکی سەربازی خراونەتە بەردەم دۆناڵد ترەمپ، لەوانە هێرشکردنە سەر وێستگەکانی کارەبای ئێران و هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکان بە مەبەستی تێکدانی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئەو وڵاتە.
سەبارەت بە ئەگەری جەنگی زەمینی، پسپۆڕانی سەربازی هۆشداری دەدەن، هێزەکانی ئەمریکا ئامادە نین بۆ هێرشی زەمینی بۆ ناو خاکی ئێران. سینا توسی، توێژەری باڵا لە پەیمانگای سیاسەتی نێودەوڵەتی هۆشداری دا، هەر جەنگێکی زەمینی لە کاتی گەرمای توندی هاویندا لە دژی سوپایەکی ئامادەکراو و گەلێک کە بە تەواوی لە دەوری جەنگەکە کۆبووەتەوە، سەرکێشییەکی گەورەیە و دەرەنجامەکەی کارەساتێکی مێژوویی دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەرپرسیارێتی تێکچوونی دۆخەکە بە تەواوی لە ئەستۆی ئەمریکایە و داوای لە وڵاتانی ناوچەکە کرد رێگە نەدەن ئەمریکا خاک و بنکەکانیان بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، و جەختی کردەوە کە هێرشەکانی تاران تەنیا بۆ بەرگریی لەخۆکردن بووە.