سوپای پاسداران: هێرشمان کردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئوردن و کوەیت
سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، هێزەکانیان فڕۆکەخانەی عەقەبەیان لە وڵاتی ئوردن کردووەتە ئامانج، تێیدا فڕۆکەکانی سوپای ئەمریکای لێ جێگیر کراوە. ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشیان کردووەتە سەر چەند ئامانجێکی سەربازیی ئەمریکا لە وڵاتی کوەیتیش.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی فەرمی کە لە میدیا حکوومییەکانی ئێران و تەلەفزیۆنی فەرمی ئەو وڵاتە بڵاوکراوەتەوە، سوپای پاسداران رایگەیاندووە: "جەنگاوەرانی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران، بە بەکارهێنانی مووشەکی بالیستی، فڕۆکە گەورەکانی گواستنەوە و فڕۆکەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی ئەمریکایان لە فڕۆکەخانەی عەقەبە پێکاوە."
لە بەیاننامەکەدا هاتووە؛ لە ئەنجامی ئەو هێرشە مووشەکییانەدا، "زیانێکی زۆر و قورس بە ژمارەیەکی زۆر لەو فڕۆکانە گەیشتووە."
لە لایەکی دیکەوە، سوپای پاسداران لە هەمان چوارچێوەدا رایگەیاندووە، ئامانجە سەربازییەکانی ئەمریکایان لە خاکی کوەیتیش بۆردومان کردووە، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر دەربارەی جۆری چەکەکان و قەبارەی زیانەکان لەو وڵاتە بخەنە روو.