سێنتکۆم: کۆتاییمان بە شەپۆلێکی دیکەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران هێنا
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند؛ بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 6:00 بەکاتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ نۆیەمین جار لەسەریەک هێرشی ئاسمانییمان کردە سەر ئامانجەکان لەناو خاکی ئێران و بە سەرکەوتوویی کۆتاییمان پێهێنا.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی تەممووزی2026، رایگەیاندووە؛ لەم هێرشانەدا چەندین پێگەی ستراتیژی و سەربازی کراونەتە ئامانج، لەوانە: ناوەندەکانی فەرماندەیی سەربازی، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، بنکەکانی چاودێری کەناراوەکان، تواناکانی هێزی دەریایی، و شوێنی هەڵدانی مووشەک و درۆن، لەگەڵ تۆڕەکانی پەیوەندی سەربازی.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانج لەم ئۆپەراسیۆنانە، لاوازکردنی تواناکانی ئێرانە بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و دەریاوانە مەدەنییەکان لە گەرووی هورمز و پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی لە ناوچەکەدا.
لە بەیاننامەکەدا جەخت کراوەتەوە، سوپای ئەمریکا بە رێنمایی ڕاستەوخۆی سەرۆک و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، ئێران بەرامبەر بە کارەکانی بەرپرسیار دەکات. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە، هێزەکانی سێنتکۆم لەوپەڕی ئامادەباشیدان و بە وردی و چاودێرییەکی توندەوە ئامادەی هەر وەڵامدانەوەیەکن.
— U.S. Central Command (@CENTCOM) July 20, 2026