ترەمپ: هێرشەکانمان لە تۆڵەی کوژرانی سەربازەکانمان بووە
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر چەند ئامانجێک لە ناو خاکی ئێران، وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ کوژرانی ژمارەیەک لە سەربازانی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوای گەڕانەوەی لە یاری کۆتایی مۆندیالی تۆپی پێ، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەو کەسە مەزن و نیشتمانپەروەرانە لەوێ بوون بۆ ئەوەی بجەنگن تاوەکو ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ئێمە ئەمشەو جارێکی دیکە بە توندی لێمان دان." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هێرشانە وەک رێزێک بۆ ئەو سەربازانە ئەنجامدراون کە لە کاتی خزمەتدا گیانیان لەدەستداوە.
سەبارەت بە زیانەکانی ئێران، سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، تاران زیانی سەربازی زۆر گەورەی بەرکەوتووە و گوتی: "ئەوان نزیکەی هەموو شتێکیان لەسەر ئاستی سەربازی لەدەستداوە و تەنیا بڕێکی زۆر کەم چەکیان ماوە؛ هەندێک مووشەک و درۆن و توانایەکی پیشەسازیی سنووردار کە ئەوەش زۆر نییە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ باسی لە بارودۆخی ستراتیژی ناوچەکە کرد و رایگەیاند: "ئێمە کۆنترۆڵی گەرووی هورمز دەکەین، ئەوان کۆنترۆڵی هیچ شتێک ناکەن، دەبینین چی روودەدات."
لای خۆیەوە مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند، تاران گەرووی هورمز وەک کارتی فشار و مامەڵە لە ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەکاردەهێنێت.
روبیۆ پێش گەشتەکەی بۆ فلیپین بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی "ئاوسیان" گوتی: "دیارە کە هەندێک لایەن لە ناو ئێراندا دەیانەوێت کۆنترۆڵی گەرووەکە بکەن و وەک ئامرازێکی فشار دژی جیهان بەکاریبهێنن."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە، واشنتن بەردەوام دەبێت لە پاراستنی ئاسایشی کەشتیوانی جیهانی، بەڵام داوای لە وڵاتانی دیکەش کرد، بەشداربن لە هەڵگرتنی ئەم بەرپرسیارێتییە، چ لە رێگەی دابینکردنی کەرەستەی سەربازی یان پاڵپشتی دارایی.
سەبارەت بە چارەسەری دیپلۆماسیش، روبیۆ گوتی: "ئێمە هەمیشە بۆ دیپلۆماسی کراوەین، بەڵام دەبێت دیپلۆماسییەکی راستەقینە بێت و رێککەوتنێک بێت کە ئەوان ئامادەبن پابەندی بن." هۆشداریشی دا، هیچ لێکگەیشتنێک بەردەوام نابێت ئەگەر لایەنی بەرانبەر مەرجەکانی پێشێل بکات.