نرخی نەوت گەیشتە سەرووی 90 دۆلار

نرخی نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 2% بەرزبووەوە و گەیشتە سەرووی 90 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەمەش بەهۆی پەرەسەندنی ئالۆزیی و پێکدادانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 

ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی تەممووزی 2026، بەهۆی جەنگی ئێران و ئەمریکا و شڵەژانی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست،  نرخی نەوتی خاوی برێنت 2.45% بەرزبووەوە و گەیشتە سەرووی 90.19 دۆلار، ئەمەش بەرزترین ئاستە لە دوای 11ـی حوزەیرانەوە.

هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی رۆژئاوای تێکساسی ئەمریکا گەیشتە 84 دۆلار و 20 سەنت، کە 2.07%، بەرزبووەوە، ئەمەش بەرزترین ئاستە لە دوای 12ـی حوزەیرانەوە.

ئەمریکا نۆیەمین شەوە لەسەریەک هێرش دەکاتە سەر ئامانجەکانی لە ئێران، هەروەها ئێرانیش بنکەکانی ئەمریکا لە کوەیت و بەحرەین و ئوردن و چەند وڵاتێکی تر دەکاتە ئامانج.

لە چەند رۆژی رابردوودا هەردوولا کەشتییەکانیان کردووەتە ئامانج، ئەمریکا رایگەیاندووە، گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا دەسەپێنێت، ئێرانیش رایگەیاندووە، ئەو کەشتییانە دەکاتە ئامانج کە رێساکانی خۆی سەبارەت بە کەشتیوانی لە گەرووی هورمز پێشێل دەکەن.

داتاکانی گرووپی بۆرسەی لەندەن (LSEG) رایگەیاند، دوێنێ یەکشەممە، چوار کەشتی لە گەرووی هورمزدا ​​تێپەڕیون، هەروەها بەگوێرەی داتاکان لانیکەم سێ کەشتیی بەرهەم و یەک کەشتی هەڵگری نەوتی خاو لە رۆژی هەینیەوە چوونەتە ناو گەرووەکە بۆ بارکردنی نەوت.