لەسەر سکاڵای عەرەبی هاوردە 20 جووتیاری کورد دادگای دەکرێن
لەسەر سکاڵای عەرەبی هاوردە، ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی تەممووزی 2026، 20 جووتیاری کوردی نیشتەجێی گوندی تەپەسەوز لە سنووری خورماتوو، لە بەردەم دادگای خورماتوو ئامادە دەبن، ئەمەش لە چوارچێوەی بەردەوامی کێشەی زەوی و زارە لە ناوچە جێناکۆکەکان.
بەپێی زانیارییەکانی سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک، سکاڵای عەرەبە هاوردەکان لەسەر دوو بنەمای سەرەکی تۆمارکراوە، یەکێک لەوانە عەرەبە هاوردەکان بانگەشەی خاوەندارێتی ئەو زەوییانە دەکەن کە جووتیارە کوردەکان کاری کشتوکاڵییان تێدا دەکەن.
هەروەها سکاڵاکەی دیکە لەسەر ئەوە تۆمارکراوە، کە لە ماوەی رابردوودا ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا روویداوە و جووتیارە کوردەکان پەلاماری عەرەبە هاوردەکانیان داوە.
بڕیارە کەمێکی دیکە جووتیارە کوردەکان لەبەردەم دادگا ئامادەبن.
کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی گوندی تەپەسەوز لە سنووری قەزای خورماتوو، لە دوای ساڵی 2017ـەوە سەریهەڵداوەتەوە، ئەم دۆسیەیە تەنیا کێشەیەکی ناوخۆیی یان ناکۆکییەکی سادەی نێوان چەند جووتیارێک نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە سیاسەتە مێژووییەکانی دیمۆگرافیا و یاساکانی سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراقەوە هەیە.
لە سەردەمی دەسەڵاتی حزبی بەعسدا و بەپێی بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئەم حزبە، هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە جووتیارانی کورد و تورکمان لە ناوچەکانی کەرکووک، خورماتوو، خانەقین و نەینەوا وەرگیرانەوە، ئەم زەوییانە لە رێگەی گرێبەستی کشتوکاڵییەوە بەسەر ئەو هاووڵاتییە عەرەبانەدا دابەشکران کە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بۆ ئەم ناوچانە هاوردە دەکران.