بەرپرسێکی پێشووی نەوەی نوێ: شاسوار بەڵێنی درۆی بە زۆر کەس داوە

لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەوەی نوێ پۆست وەرناگرێت

زۆربەی خۆبەخشانی نەوەی نوێ وازهێنانیان لەو جوڵانەوەیە راگەیاندووە و ئێستاش پەرلەمانتارانی ئەو جووڵانەوەیە گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان بەڵام چاودێری توندیان لەسەرە و رۆژانە لەلایەن کەسانی نزیک لە شاسوارەوە پەیوەندیان پێوە دەکرێت، ئەمە قسەی بەرپرسێکی پێشووی نەوەی نوێیە.

بە گوێرەی زانیاریییەکانی کوردستان24، رۆژ دوای رۆژ هەڵوەرین لە ریزەکانی نەوەی نوێ زیاتر دەبێت، دوو بەرپرسی نەوەی نوێ کە ئێستا وازیان لەو جوڵانەوەیە هێناوە پێیان گووتین، پێشووتر جووڵانەوەی نەوەی نوێ نزیکەی دوو هەزار خۆبەخش یان کادیری هەبوو، بەڵام ئێستا لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان ئەو جووڵانەوەیە 200 خۆبەخشی نییە، رۆژانەش وازهێنان لەو جووڵانەوەیە بەردەوامە، ئەوانەشی کە ماونەتەوە بەهۆی بەڵێنی درۆ راگیراون و وازیان نەهێناوە.

هەر بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی کە دەست کوردستان24 کەوتوون، ئێستا پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ، گەڕاونەتەوە شوێنەکانیان، بەڵام رۆژانە چاودێریان لەسەرە و پەیوەندییان پێوە دەکرێت لەلایەن کوردەوان جەمالی سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ کە کوری پووری شاسوارە، هەروەها بەرپرسی نووسینگەی شاسوار. لەبارەی ئەو چاودێریکردنە توندەی سەر پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ، سێبوور مەتنک بەرپرسی پێشووی نووسینگەی نەوەی نوێ لە هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، شاسوار عەبدولواحید زۆر لە کارابوونەوەی پەرلەمانی کوردستان دەترسێت چوونکە دڵنیایە ئەو 15 پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ ئامادە نین پابەندی رێککەوتنەکانی شاسوار ببن و بەشێکیان کە رەنگە نیوەی پەرلەمانتارانی ئەو جووڵانەوەیە بن فراکسیۆنێکی سەربەخۆ رابگەیەنن و بڕیار بدەن نە لەگەڵ یەکێتی بن نە  لەگەڵ پارتی بن. 

لەلایەکی دیکەوە ئەو بەرپرسەی پێشووی نەوەی نوێ ئاشکرای دەکات، زۆربەی ئەندامانی ئەنجوومەنی سیاسی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بەهۆی بەڵێنی درۆینەی شاسوار ماونەتەوە و بێ دەنگن، چونکە شاسوار بەڵێنی پۆستی پێداون، بەڵام بە گوێرەی رێککەوتنی زیندان لە پیکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت نەوەی نوێ هیچ پۆستێک لە هەرێمی کوردستان وەرناگرێت و ئەو پۆستەشی لە عێراق وەریگرتووە کە وەزیری ژینگەیە بۆ سروەی خوشکی شاسوار بووە و هیچ پۆستێکی دیکەش لەوێ وەرناگرن.