سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و دەم پارتی پرۆسەی ئاشتی تاوتوێ دەکەن

میدیای نزیک لە دەم پارتی بڵاویکردەوە، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی تایبەت بە یاسای چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی بڕیارە سبەی سێشەممە سەردانی فراکسیۆنەکانی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی ( مەهەپە) و پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە پەرلەمان بکات.

بەگوێرەی خشتەی سەردانەکان، کورتوڵموش کاتژمێر 12:30 خولەکی پاشنیوەڕۆی سبەی سێشەممە لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە کۆدەبێتەوە. پاشان کاتژمێر 2ی پاشنیوەڕۆ، سەردانی فراکسیۆنی دەم پارتی دەکات و لەگەڵ هاوسەرۆکانی گشتی، تولای هاتیمۆغۆڵۆڵاری و تونجەر باکرهان و بریکارانی سەرۆکی فراکسیۆنەکە کۆدەبێتەوە.

هەر لە چوارچێوەی ئەم گفتوگۆیانەدا، چاوەڕوان دەکرێت رۆژی چوارشەممە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سەردانی فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) بکات.

باس لەوە دەکرێت کە نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، زانیاری لەسەر ناوەڕۆکی پرۆژە یاساکە دەدات و داوای پشتگیری لایەنەکان دەکات بۆ ئەوەی بە کۆدەنگی و رێککەوتن لە پەرلەمان تێپەڕێنرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە هەوڵەکان چڕ کراونەوەتەوە بۆ ئامادەکردنی پرۆژەیاسای تایبەت بە یاسای چوارچێوە کە پەیوەستە بە پرۆسەی ئاشتییەوە، چاوەڕوان دەکرێت لەماوەیەکی نزیکدا پرۆژە یاساکە بۆ تاوتوێکرنی بهێندرێتە پەرلەمان.
بەگوێرەی ئەوەی ئاشکراکراوە، پرۆژە یاساکە تایبەت دەبێت بەچارەنووسی ئەو چەکدارانەی پەکەکە کە چەک دادەنێن.