قالیباف: خۆمان بۆ یارییەکانی ئەمریکا ئامادەکردووە
محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی شاندی دانوستانکاریی ئێران رەخنە لە سیاسەتی جەنگ یان دانوستانی ئەمریکا دەگرێت و بە دووفاق وەسفی دەکات و دەڵێت "ئێمە لە یارییەکانیان باش تێگەیشتووین و خۆمان ئامادە کردووە".
قالیباف ئەمڕۆ دووشەممە 20ـی تەممووزی 2026، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی "ئەمریکا لەگەڵ ئەوەی بەردەوام کەرەستەی زیاتری سەربازی پەلکێشی ناوچەکە دەکەن، بانگەشەی ئەوەش دەکەن کە بەدوای راگرتنی جەنگدان، ئەوان بە کورت بینی و کەمهۆشی خۆشیان خوێندنەوە بۆ ئێمە دەکەن".
هەروەها دەڵێت "ئێمە باش لەو یارییەی ئەمریکا تێگەیشتوون و لەسەر ئەم بنەمایەش خۆمان ئامادە کردووە، بەڵام پێویستە ئەمریکا هەنگاوەکانی بۆ پشتڕاستکردنەوەی بانگەشەکانییەوە بێت، نەک پێچەوانەی بێت".
ئەمە لەکاتێکدایە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە گوتارێکدا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، بەڕێوەبردنی وڵات لەم قۆناخەدا بە رێکار و یاساکانی رابردوو جێبەجێ ناکرێت، چونکە ئێران لە دۆخێکی نائاساییدایە.
گوتیشی: "ئێستا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستمان بە یەکڕیزی، تەبایی و هاوکاریی نێوان سەرجەم دەسەڵاتەکانی دەوڵەت هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە."
سەبارەت بە وردەکاریی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و لێکگەیشتنی ئەمدواییەی نێوان تاران و واشنتن، سەرۆککۆماری ئێران ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی لە هیچ کام لەو 14 بەندەی لەسەری رێککەوتوون، پاشەکشەی نەکردووە.