حووسییەکان دەریا لەسەر سعوودیە دادەخەن
چەکدارە حووسییەکانی یەمەن گەمارۆی دەریایی بەسەر سعوودیە دەسەپێنن و ئامادەیی خۆیان بۆ شەڕ راگەیاند.
دووشەممە 20ـی تەممووزی 2026، حووسییەکانی یەمەن لە راگەیەندراوێکدا هەڕەشەی توندیان لە سعوودیە کردووە و ئاماژەیانداوە، زیاتر لە 12 ساڵە گەمارۆیەکی توندی خستووەتە سەر یەمەن، بۆیە مامەڵەی هاوشێوە دەکەن و گەمارۆی دەریایی بەسەر سعوودیە دەسەپێنن.
هەروەها رایانگەیاندووە "گەمارۆ بە گەمارۆ وەڵام دەدەنەوە، بۆیە هەموو جووڵەیەکی دەریایی بە ئاراستەی سعوودیە قەدەخە دەکەن و سەرجەم رێگەکان دادەخەن".
چەکدارە حووسییەکان هەڕەشەی پەرچەکرداری هاوشێوەی بەرامبەر بە رەفتارەکانی سعوودیە دەکەن و رایانگەیاندووە "پەرەسەندن بە پەرەسەندن، توندوتیژی بە هەمانشێوە بە توندوتیژی وەڵام دەدەنەوە".
هاوکات ئامادەیی تەواویان بۆ بەرەنگاربوونەوەی سوپای سعوودیە راگەیاندووە و و جەخت دەکەنەوە، هەموو ئەگەر و سینارۆیەکیان لەبەرچاو گرتووە و سعوودیە هەر هەڵەیەک بکات، وەڵامی توندی دەدەنەوە.
هەر لە پاڵ ئەو هەڕەشانەی لە سعوودیەیان کردووە، پەیامێکیشیان ئاراستەی خەڵکی ناوخۆی یەمەن کردووە، بۆ هەڵمەتی خۆبەخشی و خۆپڕ چەککردنی هاووڵاتیانای بۆ بەرەنگاربوونەوەی سعوودیە.