ئومێد خۆشناو: هەر بەنزینخانەیەک پابەندی دابەزاندنی نرخ نەبێت رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، فەرمانی پێوەست بە دابەزاندنی نرخی بەنزین گشتێندراوە و لە سبەیەوە رێکارەکان بەرامبەر سەرپێچیکارانی بازاڕی سووتەمەنی دەستپێدەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی تەمموزی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دەزگای راگەیاندنی کوردستان٢٤ رایگەیاند: "لە سبەیەوە رێکاری توند و یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکارانی بازاڕی سووتەمەنی لە تهواوی سنووری پارێزگای هەولێر دەستپێدەکات".
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیار و فەرمانی دابەزاندنی نرخی بەنزینیان گشتاندووە و سەرجەم فەرمانگە حکوومی و لایەنە ئەمنی و کارگێڕییە پەیوەندیدارەکانیان لێ ئاگادار کردووەتەوە بۆ ئەوەی رێکارەکان بە باشترین شێوە جێبەجێ بکرێن.
ئومێد خۆشناو جەختی کردەوە کە لە سبەیەوە هێزە ئەمنی و کارگێڕییەکان و لیژنە مەیدانییەکان دەست بە جێبەجێکردنی رێکارەکانی پێوەست بە دابەزاندنی نرخی بەنزین دەکەن، بە ئامانجی رێگریکردن لە هەر جۆرە قۆرخکاری و بەرزبوونەوەی پێشێلکارانەی نرخ لە بازاڕدا.
لەلایەکی دیکەوە، پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەڕێگای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەدواداچوونی نرخی بەنزینی کردووەو داوایکردووە "بەزوترین کات نرخی بەنزین بهێنرێتە خوارەوە" بەجۆریک کە بارگرانی لەسەر هاونیشتیمانییان دروستنەکات.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، لەهەمانکاتدا لێژنەیەکی باڵا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ناوخۆو پارێزگارەکان پێکدەهێنرێت بۆ چاودێری بازاڕو رێگری لەوانەی ئیستیغلالی ئەم دۆخە دەکەن و هەرکەس پابەند نەبێ رووبەرووی یاسا دەکرێتەوە