سوپای لوبنان کۆنترۆڵی ئەمنی سێ گوند لە باشووری وڵاتەکە دەگرێتە دەست
سوپای لوبنان لە چوارچێوەی رێککەوتنی "چوارچێوەی سێقۆڵی" دەستیکرد بە گرتنەدەستی پردی ئەمنی لە سێ گوندی باشووری وڵاتەکە لە ژێر ناوی ناوچە ئەزموونکاری، ئەمەش وەک یەکەمین تاقیکردنەوەی راستەقینە بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل و داماڵینی چەکی حزبوڵڵا دێت پێش کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆکی لوبنان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ.
دووشەممە 20ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، سوپای لوبنان دەستی کردووە بە گرتنەدەستی ئەمنیی سێ گوندی باشووری وڵاتەکە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە رێککەوتنی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان و چەککردنی حزبوڵڵا رووبەڕووی یەکەمین تاقیکردنەوەی خۆی دەبێتەوە لەسەر زەوی.
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئۆپەراسیۆنی هێزەکان لە ناوچە ئەزموونکاری گوندەکانی فرون، سریفە، و زەوتەر غربیە لەسەر بنەمای رێککەوتنی "چوارچێوەی سێقۆڵی" و لە ژێر چاودێری گرووپی هەماهەنگی سەربازی بۆ لوبنان دەستیپێکردووە.
تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەم هەنگاوەی بە دەرەنجامی راستەوخۆی گفتوگۆکانی نێوان شاندەکانی ئیسرائیل و لوبنان لە رۆما دانا و دووپاتی کردەوە. واشنتن لە کارکردن لەگەڵ هەردوولا بەردەوام دەبێت بۆ سەرخستنی رێککەوتنەکە.
هەروەها بەرپرسێکی ئیسرائیل بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە، هێزەکانیان سبەی سێشەممە دەست بە کشانەوە لە ناوچەی ئەزموونکاری دەکەن
هاوکات سەرچاوەیەکی سەربازیی لوبنانی بە ئاژانسی فرانس پرێسی (AFP) راگەیاندووە، هێزەکانیان دەستیان کردووە بە چڕکردنەوەی گەران لە گوندەکانی نزیک هێزەکانی ئیسرائیل، لەوانەش گوندی فرون.
لەلایەکی دیکەوە، حزبوڵڵا رێککەوتنەکەی رەتکردووەتەوە و پێداگری دەکات کە دەبێت هەر لێک تێگەیشتنێک بە دانوستانە فراوانەکانی نێوان واشنتن و تارانەوە ببەسترێتەوە، بەڵام تا ئێستا بە روونی راینەگەیاندووە کە ئایا رووبەڕووی جێبەجێکردنی پلانەکە دەبێتەوە لەو ناوچانەدا یان نا. هاوکات، ئیسرائیل رایگەیاندووە هێزەکانی لە ناوچەیەکی ئەمنی بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر لەسەر سنوور دەمێننەوە تا ئەو کاتەی حزبوڵڵا بە چەکداری بمێنێتەوە.
رێککەوتنی چوارچێوەیی کە لە 26ی حوزەیراندا لەلایەن لوبنان، ئیسرائیل و ئەمریکاوە پاش چەندین خولی دانوستان واژۆکرا، پاشەکشەی قۆناخ بە قۆناخی سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان لەخۆدەگرێت. لە بەرامبەردا، سوپای لوبنان کۆنترۆڵی ئەمنی ئەو ناوچانە دەگرێتە دەست و پشتڕاستی دەکاتەوە کە ناوچەکان لە چەک و ژێرخانی سەربازیی حزبوڵڵا پاککراونەتەوە. ناوچە ئەزموونکاری بۆ تاقیکردنەوەی ئەم شێوازە لە چەند گوندێکی نزیک رووباری لیتانی جێبەجێ دەکرێن پێش ئەوەی بۆ ناوچەکانی دیکە فراوان بکرێن.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە بڕیارە سبەی سێشەممە جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان لە واشنتن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئاگربەست و رێگاکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە.
دوێنێ یەکشەممە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جۆزێف عۆن، سەرۆککۆماری لوبنان لە واشنتن کۆبوونەوە، بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا پرسی جێبەجێکردنی چوارچێوەی کارکردنی سێقۆڵییان تاوتوێ کرد.