وەزیری ناوخۆی ئێران گەیشتە پاکستان
ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران، بە سەرۆکایەتی شاندێکی پلەباڵا گەیشتە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە باس لە هەوڵە دیپلۆماسییە نوێیەکان دەکرێت بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان تاران و واشنتن.
دووشەممە 20ـی تەممووزی 2026، بەگوێرەی ئاژانسی "فارس"، ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران لەسەر بانگهێشتی فەرمیی موحسین نەقوی، هاوتا پاکستانییەکەی، سەردانی ئیسلام ئابادی کردووە بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی پەرەپێدانی هاوکارییە دووقۆڵییەکان، وا بڕیاریشە دوای تەواوبوونی دیدارەکانی لە پاکستان، وەزیری ناوخۆی ئێران روو بکاتە شاری نیودەلهی لە هیندستان بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وەزیرانی ناوخۆی وڵاتانی گرووپی "برێکس".
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی پاکستان ئاماژەی بەوە کردووە، وڵاتەکەی رۆڵی نێوەندگیر لە نێوان واشنتن و تاران دەگێڕێت، هەرچەندە بە فەرمی رانەگەیەندراوە سەردانەکەی مومەنی تایبەتە بە پرسی نێوەندگیری، بەڵام ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرەڕای هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ واشنتن لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە بەردەوامن.
لە لایەکی دیکەوە، هەندێک سەرچاوە باس لە بوونی پێشنیازێک دەکەن بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان هەردوو وڵات و کردنەوەی گەرووی هورمز بۆ ماوەی 10 رۆژ تا دوو هەفتە.
پاکستان هەفتەی رابردوو جەختی کردەوە، بەردەوام دەبێت لە هاندانی هەموو لایەنەکان بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی و گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ، ئەمەش بەپێی ئەو یاداشتنامەیەی لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی رابردوو لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران واژۆ کراوە.