باینجانی سپی لە هەولێر بەرهەم هێنرا

لە ئەنجامی توێژینەوەیەکی زانستیدا، کۆلێژی زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکان لە هەولێر بۆ یەکەم جار جۆرێکی نوێی باینجانی سپییان بەرهەم هێنا.

دوای چەندین ساڵ لە کارکردن و تاقیکردنەوە، مامۆستایەکی کۆلێژی زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکان بەرهەمی ماندووبوونەکەی دەچنێتەوە. توێژینەوەکە بووە هۆی دۆزینەوە و چاندنی جۆرێکی جیاوازی باینجان بە رەنگی سپی و خاوەنی چەندین تایبەتمەندیی تەندروستییە.

بێخاڵ عەبدولرەحمان، مامۆستا لە کۆلێژی زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکان کە خاوەنی بیرۆکە و توێژینەوەکەیە، بە شەیما باییز، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، باینجانی سپی جیاوازییەکی زۆری هەیە؛ توێکڵەکەی زۆر تەنکە و رێژەی تاڵی تێیدا کەمە، هەروەها ناوکیشی کەمترە.

 ئەو مامۆستایە ئاماژە بەوەش دەدات، باینجانی رەش بڕێکی زۆر لە پێکهاتەی سۆلانینی تێدایە و دەبێتە هۆی دروستبوونی هەستیاری بۆ بەشێک لە خەڵک، بەڵام جۆرە سپییەکە ئەو پێکهاتەیەی زۆر کەمتر تێدایە و زۆر گونجاوە بۆ ئەو کەسانەی کێشەی هەستیارییان هەیە.

لە لایەکی دیکەوە، دکتۆر ئەرشەد عەبدولخالق، سەرۆکی بەشی رەزگەری و ئەندازەی پارکەکان باس لە گرنگیی پڕۆژەکە دەکات و دەڵێت، ئامانجیان هێنانەدی بەرهەمی نوێیە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق. ئەو بیرۆکەیە لە لایەن مامۆستایەکەوە پێشکەش کرا و دوای پەسەندکردنی، لە نێو خانەی پلاستیکیدا بە سەرکەوتوویی بەرهەم هێنرا.

سەرۆکی بەشەکە ئاشکراشی دەکات، پلانی داهاتوویان تاقیکردنەوەی ئەم بەرهەمەیە لە کێڵگەی کراوەدا. دواتر داتاکان دەدەنە وەزارەتی کشتوکاڵ و ناوەندەکانی توێژینەوە، بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەوانەوە بەسەر جووتیاراندا دابەش بکرێت و ببێتە سەرچاوەیەکی نوێی داهات. 

ئەم هەنگاوە تەنیا گۆڕانکارییەک نییە لە رەنگی سەوزەواتدا، بەڵکوو نیشانی دەدات زانکۆکان دەتوانن رۆڵی کارا ببینن لە دۆزینەوەی چارەسەری زانستی و پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی.