کێشەی ئاوی 18 گوندی سنووری خەلیفان چارەسەر دەکرێت
پڕۆژەی گەیاندنی ئاوی خواردنەوە بۆ 18 گوندی دۆڵی بیاو لە سنووری ناحیەی خەلیفان گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی، کە بە تەواوبوونی، کێشەیەکی چەندین ساڵەی کەمئاوی بۆ نزیکەی 700 ماڵی ئەو ناوچەیە بە یەکجاری چارەسەر دەکات.
ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ گوند و ناوچە دوورەدەستەکان، لەم بارەیەوە، موسلیح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی سرێشمە رایگەیاند، پڕۆژەکە پشت بە ئاوی زێی گەورە دەبەستێت و بە شێوازێکی زانستی و سەردەمیانە جێبەجێ کراوە.
سەبارەت بە وردەکارییە تەکنیکییەکانی پڕۆژەکە، موسلیح مستەفا روونیکردەوە، بیرێک بە قووڵایی 12 مەتر لە ژێر ئاستی زێیەکە لێدراوە، لەگەڵ دانانی سیستمێکی فلتەر بە درێژایی 180 مەتر بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە پاکی و شیاویی ئاوەکە بۆ خواردنەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەکە لە سێ کۆگای سەرەکیی ئاو پێکهاتووە؛ کۆگاکانی یەکەم و دووەم هەر یەکەیان دوو پەمپ و مۆتۆڕیان بۆ دابین کراوە بۆ گواستنەوە و پاڵنانی ئاوەکە بۆ عەمباری سێیەم، کە لەوێشەوە ئاوی خاوێن بەسەر تەواوی گوندەکاندا دابەش دەکرێت.
بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی سرێشمە باسی لەوەش کرد، تەواوبوونی پڕۆژەکە، جیا لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ 700 خێزان، هاوکات کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بووژانەوەی کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتیاری لە ناوچەکەدا دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، هاووڵاتییانی سنووری سرێشمە و دەوروبەری خۆشحاڵی خۆیان بەم پڕۆژەیە دەربڕیوە و دەستخۆشی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن، بەوپێیەی لە ڕابردوودا بە زەحمەتێکی زۆر و بە پشتبەستن بە بیر و کانییەکان ئاوی رۆژانەی خۆیان دابین دەکرد.
لهچوار چێوهی گرنگیدان بهگوند و ئاواییهكان حكوومهتی ههرێمی كوردستان بهبڕی یهك ملیار و 980 ملیۆن دینار پڕۆژهی ئاوی خواردنهوهی 18 گوندی دۆڵی بیاو سهربهشارۆچكهی خهلیفان لهئیدارهی سهربهخۆی سۆران جێبهجێ کرد.