گواستنەوەی سلێمانی: پڕۆژەی تەکسیمیتەر لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان جێبەجێ دەکرێت

وێنە: ژیریی دەستکرد
وێنە: ژیریی دەستکرد

لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ رێکخستنەوەی کەرتی گواستنەوەی ناوخۆ، بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی سلێمانی ئاشکرای دەکات کە ئامادەکارییەکان بۆ پڕۆژەی تەکسیمیتەر تەواو کراون و نرخەکانیش بە جۆرێک دیاری دەکرێن کە بارگرانی بۆ سەر هاووڵاتییان دروست نەکەن.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی بە هاووڵاتییان، پڕۆژەی تەکسیمیتەر لە سەرجەم شارەکان جێبەجێ دەکات و کاروباری تاکسییەکان رێکدەخاتەوە. سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی ئەو پڕۆژەیە لە سلێمانی، جەمیل کەمال، بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی بە کوردستان 24ـی راگەیاند، پڕۆژەی تەکسیمیتەر لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت و لە سنووری پارێزگای سلێمانیش ئامادەکارییەکان تەواو کراون و چاوەڕێ دەکەن وەزارەتی گواستنەوە هەنگاوەکان دەستپێبکات.

بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەکە سەرەتا لە هەولێر دەستپێدەکات و دواتر لە سلێمانی جێبەجێ دەکرێت. گوتیشی: "ئامێرەکانی تەکسیمیتەر بە قیست دەدرێنە شۆفێرانی تاکسی، بەڵام هەر شۆفێرێک لۆگۆی تایبەتی نەبێت، ئامێرەکەی پێنادرێت."

لەبارەی جیاوازیی نرخی تەکسیمیتەر و ئەو سیستمەی ئێستا هەیە، جەمیل کەمال جەختی کردەوە کە نرخەکان لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان دەبن. نرخەکە بەگوێرەی دووریی ئەو شوێنە دەبێت کە هاووڵاتییەکە بۆی دەچێت و هەرچەند کیلۆمەترەکە زیاتر بێت، نرخەکە کەمتر دەبێت؛ بۆ نموونە ئەگەر کیلۆمەتری یەکەم بە 1000 دینار بێت، کیلۆمەتری دووەم بە کەمتر لە 1000 دینار هەژمار دەکرێت. سەبارەت بە شێوازی کارکردنی سیستمەکەش، رایگەیاند کە هەر کاتێک سەرنشینەکە چووە ناو تاکسییەکە، راستەوخۆ ئامێرەکە دەست بە کارکردن دەکات.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نزیکەی 90 هەزار تاکسی و ژمارەیەک کۆمپانیای تایبەت بە کاری تاکسی لە هەرێمی کوردستان هەن، کە زیاتر لە 32 هەزار تاکسییان لە سنووری سلێمانی کار دەکەن. ئێستا هەنگاوەکان بۆ رێکخستنەوەی کاروباری تاکسییەکان دەستیپێکردووە تا هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو سیستمی تاکسی میتەر جێبەجێ بکرێت.