بەریتانیا و ئەڵمانیا لەسەر هاوکاریی و پاڵپشتیکردنی ئۆکرانیا رێککەوتن

ئاندی بێرنهام، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا و فریدریک مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا، لەسەر بەردەوامبوونی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات و جێبەجێکردنی بەندەکانی پەیماننامەی "کێنسینگتۆن" و بەردەوامبوونی هاوکارییەکانیان بۆ ئۆکرانیا رێککەوتن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی تەممووزی 2026،  لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا راوێژکاری ئەڵمانیا پیرۆزبایی وەرگرتنی پۆستە نوێیەکەی لە ئاندی بێرنهام کرد،  لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا ئارەزووی خۆیان بۆ بەردەوامبوونی پەیوەندییە نزیکەکانی نێوان لەندەن و بەرلین و خێراکردنی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پەیماننامەی کێنسینگتۆن دەربڕی.

سەبارەت بە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا، راوێژکاری ئەڵمانیا و سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامبوونی پاڵپشتییە هەمەلایەنەکان بۆ کیێڤ و زیادکردنی فشارەکان بۆ سەر رووسیا، هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد، ئامانجی سەرەکیی ئەم هەوڵانە، گەیشتنە بە گفتوگۆیەکی جددی بۆ هێنانەکایەی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام.

پەیماننامەی کێنسینگتۆن، کە رێککەوتننامەیەکی دۆستایەتی و هاوکاریی دووقۆڵییە لە نێوان هەردوو وڵاتدا، لە 17ـی تەممووزی 2025 لە لەندەن لە لایەن فریدریک مێرتز و کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیاوە واژۆ کرابوو.

شا چارڵزی سێیەم، شای بەریتانیا، ئاندی بێرنهام، سەرۆکی نوێی پارتی کرێکاران، بە فەرمی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی وڵاتەکە راسپارد، ئەمەش دوای ئەوەی کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی پێشووی دەستی لە کار کێشایەوە.