مەترسی تووشبوونی نەخۆشی دڵ لای چینێکی ئافرەتان 4 هێندە بەرزە
توێژینەوەیەکی نوێی ئەمریکی مەترسییەکی تەندروستی گەورە ئاشکرا دەکات و رووبەڕووی ئەو ئافرەتانەی دەبێتەوە کە تووشی "کۆنیشانەی مێتابۆلیکی فرە رژێنەیی بوون.
کۆنیشانەی مێتابۆلیکی فرە رژێنەیی بە بارودۆخێکی هۆرمۆنی ئاڵۆز و باو لە نێوان ئافرەتان دادەنرێت، کە کار دەکاتە سەر چەندین لایەنی تەندروستی، لەوانەش گەشەکردنی موو، رێکخستنی سووری مانگانە، توانای منداڵبوون و گۆڕانی میزاج.
ئەم حاڵەتە پێشتر بە ناوی "کۆنیشانەی فرەکیسی هێلکەدان" دەناسرا، پێش ئەوەی ناوی نوێی بۆ پەسەند بکرێت بە ئامانجی راستکردنەوەی چەمکە پەیوەندیدارەکان بەم بارودۆخەوە؛ چونکە سەرنجدان تەنیا لەسەر هەبوونی کیسەکان ببووە هۆی دواکەوتنی دەستنیشانکردنی زۆرێک لە حاڵەتەکان، سەرەڕای ئەوەی کاریگەرییەکانی ئەم کۆنیشانەیە زۆر لەوە زیاتر تێدەپەڕن.
ئەم توێژینەوەیە، کە رۆژنامەی "ئیندیپێندێنت"ی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە، پشتی بە شیکردنەوەی داتاکانی دڵنیایی تەندروستیی زیاتر لە 413 هەزار ئافرەتی تەمەن نێوان 18 بۆ 50 ساڵ بەستووە کە تووشبووی ئەم کۆنیشانەیە بوون، هەروەها بەراوردکردنیان بە داتاکانی زیاتر لە 2 ملیۆن ئافرەتی دیکە کە تووشبوو نەبوون، لە ماوەی نێوان ساڵانی 2000 تا 2022.
ئەنجامەکان دەریانخستووە کە بەرزبوونەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ بەردەوام بووە، تەنانەت دوای لادان یان بەدەرکردنی هۆکارە کاریگەرەکانی وەک بەرزی فشاری خوێن و شەکرە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بوونی پەیوەندییەکی راستەوخۆ لە نێوان ئەم کۆنیشانەیە و زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە کێشەکانی دڵ و دەمارەکانی خوێن.
توێژەران جەختیان لەوە کردووەتەوە، ئەم ئەنجامانە پێویستی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی پزیشکان و ئافرەتان دەردەخەن سەبارەت بە مەترسییەکانی دڵ کە بەم کۆنیشانەیەوە بەستراونەتەوە، لەگەڵ هاندانی دەستنیشانکردنی پێشوەختە و گرتنەبەری رێوشوێنی خۆپارێزی پێش دەرکەوتنی لێکەوتە و ئاڵۆزییە تەندروستییەکان.
تیمی توێژینەوەکە، کە لە گۆڤاری زانستیی بەناوبانگی "زە لانسێت" دا بڵاوکراوەتەوە، روونیان کردووەتەوە کە باشترکردنی پەروەردە و رۆشنبیریی پزیشکی و زیادکردنی تێگەیشتنی نەخۆشەکان لە سروشتی ئەم مەترسییانە، دەتوانێت بەشدار بێت لە پەرەپێدانی رێگاکانی خۆپاراستن و کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ.