هۆشداریی لە شەپۆلێکی نوێی هەڵاوسان و گرانبوونی خۆراک لە جیهاندا
گەورە ئابووریناسێکی گرووپی بانکی جیهانی، هۆشداری دەدات، پەرەسەندنی ململانێ سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەبێتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی نوێی هەڵاوسان، بەرزبوونەوەی سوودی بانکی، و دابەزاندنی گەشەی ئابووریی جیهانی بۆ تەنیا 1.3% کە کاریگەریی قورس لەسەر وڵاتانی قەرزدار و هەژار دروست دەکات.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسیی "رۆیتەرز"، ئیندرمیت گێڵ، گەورە ئابووریناسی گرووپی بانکی جیهانی رایگەیاندووە، پەرەسەندنی ململانێ سەربازییەکانی نێوان تاران و واشنتن مەترسیی توند بۆ سەر ئابووریی جیهان دروست دەکات.
بەپێی خراپترین سیناریۆی پێشبینیکراو، ئەگەر ئەم جەنگە بۆ ماوەی شەش مانگ یان زیاتر بەردەوام بێت، گەشەی ئابووریی جیهان بۆ تەنیا 1.3% دادەبەزێت، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو 2.9% بووە، و رێژەی هەڵاوسانی گشتیی جیهانیش بەرز دەبێتەوە بۆ 4.5%.
گێڵ روونیکردەوە، بەردەوامیی جەنگ و زیانگەیشتن بە ژێرخانی نەوتیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تێکچوونی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووەکانی هورمز و بابولمەندەب، دەبێتە هۆی پەککەوتنی هەناردەکردنی کەرەستە کشتوکاڵییە بنەڕەتییەکان. ئەمەش کێشەی نەبوونی ئاسایشی خۆراک لە وڵاتانی هەژاردا قووڵتر دەکاتەوە، و هاوکات بەرزبوونەوەی سوودی بانکی لێدەکەوێتەوە کە بارگرانیی توند دەخاتە سەر بودجەی دەرمانسازی و کەرتی پەروەردەی ئەو وڵاتانە.
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لەم هەفتەیەدا زیادیان کردووە، کاتێک هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر ئامانجگەلێک لە باشوور و رۆژئاوای ئێران، و تاران بە هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە بەحرەین، کوێت و ئوردن وەڵامی دایەوە. هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز، حووسییەکانی یەمەنیش گەمارۆی دەریاییان بەسەر هەناردەی نەوتی سعوودیەدا سەپاند لە گەرووی بابولمەندەب.
گەورە ئابووریناسی گرووپی بانکی جیهانی ئاشکرای کرد کە 40%ی دەوڵەتە خاوەن داهاتە کەم و مامناوەندەکان کە لە 32 وڵاتپێکدێن، پێشتر تووشی قەیرانی قەرز یان مەترسیی بەرز، بوونەتەوە، و مامناوەندی رێژەی قەرز بەرامبەر بەرهەمی ناوخۆیی لە وڵاتانی گەشەسەندوودا گەیشتووەتە 74% لە ساڵی 2025، لە کاتێکدا پێش کۆرۆنا تەنیا 50% تا 55% بووە.
لەگەڵ ئەم مەترسییانەشدا، گێڵ ئاماژەی بە لایەنێکی ئەرێنی کرد و گوتی: بەپێی توێژینەوە نوێیەکانی گرووپی بانکی جیهانی، وڵاتانی گەشەسەندوو دەبنە سوودمەندی گەورە لە تەکنۆلۆژیای ژیریی دەستکرد (AI). تەنیا 10%ـی دانیشتووانی وڵاتانی هەژار مەترسیی زیانگەیاندنیان لێدەکرێت بەهۆی ئەم تەکنۆلۆژیاوە، لە کاتێکدا لە وڵاتە دەوڵەمەندەکاندا ئەم رێژەیە دەگاتە 30% بۆ 40%، کە ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی هاندانی گەشەی ئابووری لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام پێناچێت کاریگەرییەکەی لەم پێنج ساڵەی ئێستادا دەربکەوێت.