هەولێر.. بەڵگەفیلمی عەرعەر و سەگەکانی عەجاج نمایشکرا
بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر، لەچوارچێوەی پڕۆژەی "سینەما و جەماوەر"، بەڵگەفیلمی "عەرعەر و سەگەکانی عەجاج"، کە لە دەرهێنانی محەمەدی حاجی قادرە، لە ئێمپایەر سینەمای هەولێر نمایشکرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ی تەمموزی 2026، شاخەوان مستەفا، بەڕێوەبەری سینەما و شانۆی هەولێر بە کوردستان24ی گوت، "ئەو بەڵگەفیلمە کە لەلایەن محەممەدی حاجی قادرەوە کاری دەرهێنانی بۆ کراوە، باس لە یەکێک لە تاریکترین لاپەڕەکانی مێژوو دەکات؛ ئەو لاپەڕەیەی پەیوەندی بە کارەساتی ئەنفال و زیندان و کەمپی نوگرە سەلمان هەیە. بەڵگەفیلمەکە لە رێگەی گێڕانەوەی شایەتحاڵان و بەڵگە مێژووییەکانەوە، ئەو دڕندەیی و ستەمە پیشان دەدات کە لەلایەن عەجاج و ژمارەیەک لە پاسەوانەکانی بەعس بەرامبەر زیندانییە کوردەکان ئەنجام دراوە."
گوتیشی، "لە ناوەڕۆکی بەڵگەفیلمەکەدا، بینەر ئاشنا دەبێت بە ژیانی پڕ لە ئازار و برسێتی و تینوێتی و ئەشکەنجەی زیندانییەکان لە نوگرە سەلمان، شوێنێک کە بە ناوبانگی خراپی خۆی وەک یەکێک لە ترسناکترین زیندانەکانی ڕژێمی بەعس ناسراوە. عەجاج و پاسەوانەکانی، بە شێوەیەکی بێبەزەییانە و دژ بە هەموو بنەماکانی مرۆڤایەتی، مامەڵەیان لەگەڵ زیندانییەکان کردووە و ژمارەیەکی زۆر لە قوربانییان تووشی ئەشکەنجە و سووکایەتی و مردن کردووە."
شاخەوان مستەفا زیاتر باس لە چیڕۆکی بەڵەفیلمەکە دەکات و دەڵێت، "پڕۆژەی "سینەما و جەماوەر" بەردەوام هەوڵ دەدات سینەمای بەڵگەنامەیی و هونەری لە جەماوەر نزیک بکاتەوە و شوێنێک بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیر و زانیاری دروست بکات. هەڵبژاردنی ئەم بەلگەفیلمەش لە هەمان چوارچێوەدا دێت، چونکە باس لە بابەتێک دەکات کە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە مێژوو، کولتوور و ناسنامەی نەتەوەیی هەیە."
بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر، لە چوارچێوەی پڕۆژەی "سینەما و جەماوەر"، هەموو چوارشەممەیەک کاتژمێر 6ی ئێوارە، بێبەرانبەر فیلمی سینمایی لە هەولێر لە ئێمپایەر سینەما نمایش دەکات.