مامۆستایانی کەرکووک داوای دامەزراندن دەکەن
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ی تەممووزی 2026، لە کەرکووک ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانی خۆبەخش و وانەبێژ لە بەردەم بینای پارێزگا گردبوونەوە و رێگەی سەرەکییان داخست. خۆپیشاندەران داوای جێبەجێکردنی بەڵێنەکان و تەرخانکردنی پلەی وەزیفی دەکەن، کە ماوەی چەند ساڵێکە بەهۆی ململانێ سیاسییەکانەوە پەکخراون.
یەکێک لە مامۆستا خۆبەخشەکان کە ماوەی 6 ساڵە وانە دەڵێتەوە، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "لەم گەرمایەدا لەسەر شەقام وەستاوین و کەس دەنگمان نابیستێت. تا کەی هەر بە خۆبەخشی بمێنینەوە و داهاتوومان نادیار بێت؟"
مامۆستایەکی دیکە کە 8 ساڵە وەک خۆبەخش کار دەکات، ئاماژەی بە بەڵێنەکانی پارێزگاری کەرکووک کرد و گوتی: "پارێزگار پێی گوتووین کە نووسراوی بۆ وەزارەت کردووین، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی فەرمیمان لەبەر دەست نییە. ئێمە تەنیا گرێبەست یان فەرمانی کارگێڕیمان دەوێت. مخابن دامەزراندن بە واستە و پارە هەیە، بەڵام بۆ منداڵی هەژار و کەسانی بێدەسەڵات نییە."
هاوکات مامۆستایەکی دیکە کە بە منداڵە وردەکەیەوە بەشداری خۆپیشاندانەکەی کردبوو، گوتی: "ماوەی 4 ساڵە لە گەرما و سەرمادا بە منداڵی شیرەخۆرەوە دەوام دەکەم، بەڵام تا ئێستا هیچمان بۆ نەکراوە. داوا دەکەین چیتر مافەکانمان فەرامۆش نەکرێن و بە گرێبەست جێگیر بکرێین."
خۆپیشاندەران جەختیان کردەوە کە چەندین ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی دامەزراندنیان پێداون، بەڵام دوای سەرکەوتنیان بەڵێنەکانیان پشتگوێ خستووە. مامۆستایانی خۆبەخش راشیانگەیاند، تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت و فەرمانی دامەزراندنیان بۆ دەرنەچێت، بەردەوام دەبن لە فشارەکانیان.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ساڵی 2023ـەوە نزیکەی 7,314 پلەی وەزیفی لە کەرکووک بەهۆی کێشە سیاسییەکانەوە یەکلایی نەکراونەتەوە. مامۆستایانی خۆبەخش کە ژمارەیان زیاتر لە 2,000 کەسە، داوا دەکەن ناویان لەنێو ئەو میلاکاتانەدا جێگیر بکرێت، بەتایبەت کە هەندێکیان زیاتر لە 8 ساڵە بەبێ مووچە خزمەت دەکەن.