زاخارۆڤا: ترەمپ زیاتر لە 80 جار بەڵێنی داوە جەنگی ئۆکراینا کۆتایی پێ بهێنێت

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، بە شێوازێکی تەنزئامێز سەرنجی لەسەر لێدوانێکی مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەربڕی سەبارەت بە کاتی کۆتاییهاتنی جەنگی ئۆکراینا.

پێنجشەممە 23ـی تەممووزی 2026، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە پلاتفۆرمی تیلیگرام، ئاماژەی بەوە کردووە، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، مارکۆ رۆبیۆ لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسێکدا سەبارەت بەوەی ئایا لە ماوەی 30 خولەکدا جەنگەکە رادەگرن، رایگەیاندووە: "پێتوایە ئێمە لە ماوەی 30 خولەکدا جەنگی ئۆکراینا بەکۆتا دێنین؟ نەخێر، کارەکان بەو شێوەیە نین."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە کاردانەوەیدا بەرامبەر ئەم لێدوانە نووسیویەتی: "راستە کەسمان بیرمان لەوە نەدەکردەوە لە 30 خولەکدا کۆتایی بێت، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا زیاتر لە 80 جار بەڵێنی دابوو کە لە ماوەی تەنها 24 سەعاتدا ململانێکانی ئۆکراینا بەکۆتا دەهێنێت."

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، زاخارۆڤا بە ئاماژەکردن بۆ لایەنە دیپلۆماسییەکان، ستایشی لوتکەی ئانکۆریجی کرد.