ئەڵمانیا دوو کەشتیی جەنگی لە دەریای سوور دەکشێنێتەوە
وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا رایگەیاند، حکوومەت بڕیاریداوە لە چەند رۆژی داهاتوودا دوو کەشتیی سەربازی لە ناوچەی دەریای سوورەوە بۆ دەریای ناوەڕاست بگوازێتەوە.
پێنجشەممە 23ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا رایگەیاند، کەشتیی مینڕێژی "فولدا" و کەشتیی دابینکردنی پێداویستیی "مۆزل" پێشتر رەوانەی جیبۆتی کرابوون بە مەبەستی ئەنجامدانی ئەرکێکی ئەگەری لە گەرووی هورمز دوای کۆتاییهاتنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، بەڵام ئێستا بڕیاری کشانەوەیان دراوە.
وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا هۆکاری ئەم گۆڕانکارییەی لە شوێنی کەشتییەکاندا بۆ ناجێگیریی بارودۆخی سیاسی لە ناوچەکەدا گەڕاندووەتەوە.
ناوچەی دەریای سوور و گەرووی هورمز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شادەماری بازرگانی جیهانی و گواستنەوەی وزە نەوت و گاز دادەندرێن، لە ماوەی رابردوودا، ئەم رێڕەوە ئاوییانە بوونەتە گۆڕەپانی سەرەکی بۆ ململانێیەکی توندی سیاسی و سەربازی لە نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە لایەک، و ئێران و گرووپە چەکدارە نزیکەکانی لە لایەکی دیکە.
ئەڵمانیا وەک هێزێکی سەرەکی لە ناو یەکێتی ئەوروپا، هەمیشە بەشێک بووە لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی ئازادی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لەم ناوچانەدا، بەڵام دوای هەڵکشانی گرژییەکان و رووداوەکانی وەک هێرشە مووشەکییەکان و تەقینەوەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، ئەرکی هێزە دەریاییەکان لەم ناوچەیەدا مەترسییەکی گەورەی کەوتووەتە سەر، بڕیاری کشانەوە یان گواستنەوەی کەشتییە جەنگییەکانی ئەڵمانیا لەم کاتەدا، وەک وەڵامێک دەبینرێت بۆ ئەو ناسەقامگیرییە سیاسییە چاوەڕواننەکراوەی ناوچەکە، بە مەبەستی دوورخستنەوەی هێزەکانی لە هەر پێدادانێکی سەربازیی گەورە کە رەنگە دەرەنجامی سیاسی و دیپلۆماسی ئاڵۆزی لێ بکەوێتەوە.