تەندروستیی ئێران ئاماری قوربانییانی هێرشەکانی ئەمدواییەی ئەمریکای راگەیاند

حوسێن کرمانپوور، سەرۆکی ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند، لە 27ـی حوزەیرانەوە تا ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ـی تەممووزی 2026، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکاوە 55 کوژراو و 629 بریندار لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران تۆمارکراوە. 

هەرچەندە تەندروستی ئێران لەو ئامارەی بڵاویکردووەتەوە، هیچ ئاماژەیەکی بە ژمارەی قوربانیانی سەربازی نەداوە و تەنیا ئاماژەی بە کوژراو و بریندارانی مەدەنی کردووە.

کرمانپوور دەڵێت: لە کۆی بریندارەکاندا 46 یان ئافرەت بوون و 24ـی دیکەشیان منداڵ و مێردمنداڵ بوون، کە تەمەنیان لە خوار 18 ساڵە؛ لەنێوان کوژراوەکانیشدا 6 ئافرەت و سێ منداڵ و مێردمنداڵی خوار 18 ساڵ هەن.

هەروەها راگەیاندووە، هەر لەو 27 رۆژەدا دا 52 نەشتەرگەری بۆ بریندارانی هێرشەکان کراوە و 36 لە بریندارەکان ئێستاش لە نەخۆشخانە خەوێندراون.

ئەم شەپۆلە هێرشە ئاسمانییانەی ئەمریکا بۆ سەر قوڵایی خاکی ئێران، وەک گەورەترین و توندترین رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی نێوان هەردوو وڵات لە ماوەی چەندین دەیەی رابردوودا دادەندرێت، ململانێکان پاش زنجیرەیەک هێرشی درۆنی و مووشەکی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و گەرووی هورمز، و هەروەها بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا سەری هەڵدا، واشنتن، تاران و بریکارەکانی لە ناوچەکەدا بە بەرپرسیاری سەرەکییان دەزانی.

لە کاتێکدا واشنتن جەخت لەوە دەکاتەوە، هێرشەکان دیاریکراون و تەنیا بنکە سەربازییەکان و ژێرخانە تەکنیکییەکانی سوپای پاسداران دەکەنە ئامانج بە مەبەستی کەمکردنەوەی توانای هێرشبەریی ئێران، بەڵام بڵاوکردنەوەی ئەم ئامارە فەرمییەی وەزارەتی تەندروستی ئێران تیشک دەخاتە سەر قەبارەی زیانە مەدەنییەکان و تێچووە مرۆییەکەی ئەم جەنگە.

ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە، ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم مەترسی جەنگێکی گشتگیردایە و هەوڵە دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەکان تا ئێستا نەیانتوانیوە رێگری لە بەردەوامیی هێرشەکان بکەن، کە بۆ زیاتر لە 12 شەوی لەسەریەک بەردەوامن، تۆمارکردنی ئەم ژمارە زۆرەی کوژراو و برینداران لە ناو مەدەنییەکاندا، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە جەنگەکە چووەتە قۆناغێکی نوێوە و کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر ناوچە نیشتەجێبووەکانیش دروست کردووە.