سێشەممە ناتانیاهۆ لەگەڵ ترەمپ کۆدەبێتەوە

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند, ناتانیاهۆ ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کۆدەبێتەوە.

هەینی 24ـی تەممووزی 2026، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سێشەممە سەردانی واشنتن دەکات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کۆدەبێتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم کۆبوونەوە لووتکەیە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ترەمپ ئەنجام دەدرێت، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پەرسە ئەمنییە چڕەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوئاهەنگی نێوان هەردوو وڵات.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەشی داوە، بڕیارە رۆژی چوارشەممە ناتانیاهۆ بەشداری لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی لیندزی گراهام سیناتۆری کۆچکردووی ئەمریکا، بکات، کە یەکێک بوو لە دۆست و لایەنگرە دێرینەکانی ئیسرائیل لە کۆنگرێسی ئەمریکادا.

رۆژی چوارشەممە 22ی تەممووزی 2026، پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی کۆشکی سپی و سەرچاوەیەکی ئیسرائیلییەوە بڵاویکردەوە، کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، ترەمپ لە بەردەم بڕیارێکی چارەنووسساز دایە سەبارەت بە داهاتووی جەنگی ئێران، کە تێیدا واشنتن تەنیا دوو بژاردەی لەبەردەمدایە: یەکەمیان قبووڵکردنی دەستپێشخەرییەکی نوێی قەتەرییە بۆ ئاگربەست و دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز، و دووەمیشیان دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی هاوبەشی سەربازییە لەگەڵ ئیسرائیل بۆ ناچارکردنی تاران بە خۆبەدەستەوەدان، هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" کە لە 28ی شوباتدا جێبەجێ کرا.

بەرپرسانی ئیسرائیل جەخت دەکەنەوە کە سوپاکەیان خۆی بۆ سیناریۆی جۆراوجۆر و پەرەسەندنی جەنگی گشتگیر لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا ئامادە کردووە، بەڵام هاوکات ئاماژەیان بەوە کردووە کە تێوەگلانی راستەوخۆی ئیسرائیل لەو جەنگەدا تەنیا لە حاڵەتی هێرشکردنە سەری لە لایەن ئێرانەوە، یان لەسەر داوای فەرمیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێت.