چین هەناردەکردنی چەندین بەرهەم بۆ ئەوروپا قەدەغە دەکات
حکوومەتی چین بڕیاری دا هەناردەکردنی ئەو بەرهەمانەی کە توانای بەکارهێنانی دووانیی واتە سەربازی و شارستانی هەیە، بۆ سەر 14 کۆمپانیای یەکێتی ئەوروپا قەدەغە بکات، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی.
هەینی 24ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی بازرگانی چین لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندییە باڵاکان، بڕیار درا 14 دامەزراوەی سەر بە یەکێتی ئەوروپا، کە گروپی (لافێرت) یەکێکیانە، بخرێنە لیستی چاودێریی هەناردەکردنەوە، ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم بڕیارە رێگری لە هەناردەکاران دەکات کە ماددە خاوەکان و ئەو کاڵایانەی بەکارهێنانی دووانییان هەیە بۆ ئەم کۆمپانیایانە رەوانە بکەن.
لە بەرامبەردا، فەرەنسا و ئەڵمانیا فشارەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ گرتنەبەری رێکاری توندتر لە ئاستی ئەوروپادا، بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی زیادەی بازرگانی و توانای پیشەسازیی چین، کە مەترسی لەسەر کەرتە سەرەکییەکانی ناو یەکێتییەکە دروست کردووە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و فریدریش مێرتز، سەرۆکی پارتی ئۆپۆزسیۆنی ئەڵمانیا، ئەم دۆسیەیەیان خستووەتە سەرووی کارە لەپێشینە سیاسییەکانیان، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر ئامادەکردنی نەخشەڕێگایەکی فەرەنسی-ئەڵمانی تا مانگی ئەیلوولی داهاتوو، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ممارسە بازرگانییەکانی پەکین.
ئەم هەنگاوانەی ئەوروپا دوای راپۆرتێکی نوێی باڵای پلاندانان لە فەرەنسا دێت، کە تێیدا هۆشداری دراوە لەوەی هەڵکشانی پیشەسازیی بەیژینگ بووەتە شۆکێکی گەورە بۆ کەرتی بەرهەمهێنانی ئەوروپا، راپۆرتەکە دەڵێت: "تێکەڵبوونی قەبارەی گەورەی بەرهەمهێنان، تێچووی کەم و گەشەی خێرای تەکنەلۆژی، دەبێتە هۆی لاوازکردنی توانای رکابەری لە کیشوەری ئەوروپادا."
یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی 2019ـەوە لە بەڵگەنامەی ئاسۆ ستراتیژییەکاندا، چینی وەک رکابەرێکی سیستەمی پۆلێن کردووە و چیتر تەنها وەک هاوبەشێکی بازرگانی سەیری ناکات.