بەریتانیا ئامادەباشیی سەربازی بۆ وەڵامی هەڕەشەکانی ئێرانی راگەیاند

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، بڵاوی کردووەتەوە، حکوومەتی بەریتانیا ئامادەیی هێزەکانی بۆ بەرگری لە وڵاتەکە راگەیاند، دوای ئەوەی هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەیان کرد لە بەرامبەر رێگەدانی بەریتانیا بە بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکاوە بۆ بۆردوومانکردنی تاران.

گوتەبێژێکی حکوومەتی بەریتانیا لە وەڵامی ئەم هەڕەشانەدا بە ئاژانسەکەی گوت: "هێزە چەکدارەکانمان لە ئامادەباشی تەواو دان بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات لە بەرامبەر هەر هێرشێکی ناوخۆیی یان دەرەکی." روونیشی کردەوە، بەرگریی ئاسمانیی بەریتانیا چەندین لایەنی پێشکەوتووی هێزی دەریایی، زەمینی و ئاسمانی لەخۆدەگرێت کە لە هاوئاهەنگی نزیکدان لەگەڵ هاوپەیمانانی ناتۆ

ئەمەش لە کاتێکدایە، سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی دابوو، ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی فێرفۆرد لە باشووری رۆژئاوای ئینگلتەراوە هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ئێران، و هۆشداری دا کە هەر بنکەیەکی سەربازی کە هاوکاریی ئەم هێرشانە بکات، وەک ئامانجێکی شەرعی هێزەکانی تاران سەیر دەکرێت.

ئەم هەڕەشەیە پاش بڕیارەکەی ئەندی بێرنهام، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا دێت بۆ نوێکردنەوەی بەڵێنەکانی وڵاتەکەی سەبارەت بە رێگەدان بە ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا لە چوارچێوەی "بەرگریی بەکۆمەڵ لەخۆکردن."

لە مانگی ئاداردا، ئێران دوو مووشەکی بالیستی ئاڕاستەی بنکەی سەربازیی هاوبەشی ئەمریکا و بەریتانیا لە دوورگەی دیێگۆ گارسیا کرد بەڵام ئامانجەکەیان نەپێکا، هاوکات فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە جۆری شاهد زیانی بە بنکەی ئاسمانیی بەریتانیا لە ئەکرۆتیری لە باشووری قوبرس گەیاند، کە دواتر لەندەن ئەو بنکەیەی لە رێککەوتنە سەربازییەکەی لەگەڵ ئەمریکادا بەدەرکرد.

ئەم گرژییە دیپلۆماسی و سەربازییەی نێوان لەندەن و تاران لە کاتێکدایە کە بەریتانیا بە توندی ئێران تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانی هێرشی سایبەری و بەکارهێنانی گرووپی تاوانکاری بۆ راوەدوونانی نەیارانی لە بەریتانیادا؛ لایەنە ئەمنییەکانی بەریتانیا دەڵێن لە ماوەی ساڵی رابردوودا 20 پیلانی تێکدەرانەی سەر بە ئێرانیان پووچەڵکردووەتەوە. ئێران لای خۆیەوە سەرجەم ئەم تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە و بە بێ بنەما و خاوەن پاڵنەری سیاسی ناوزەدی کردوون.