وۆڵ ستریت جۆرناڵ: کوەیت و بەحرەین بۆ یەکەمجار هێرشی راستەوخۆیان کردە سەر ئێران

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، فڕۆکە جەنگییەکانی بەحرەین و کوەیت، بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیاندا، بە شێوەیەکی نهێنی هێرشی راستەوخۆیان کردووەتە سەر کۆگا سەربازییەکانی مووشەک و درۆن لە ناوخۆی ئێراندا، هاوکات ئیمارات پاڵپشتیی هەواڵگری و بەرگریی ئاسمانیی بۆ دابین کردوون.

هەینی 24ی تەممووزی 2026، بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" (The Wall Street Journal)، هەریەکە لە کوەیت و بەحرەین بە شێوەیەکی نهێنی بە فڕۆکە جەنگییەکانی خۆیان ئامانجە سەربازییەکانی ناوخۆی ئێرانیان پێکاوە، کە ئەمەش یەکەمین پێشهاتی هاوبەشی سەربازی و رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی ئەم دوو وڵاتەی کەنداوە دژی تاران دادەنرێت.

سەرچاوە ئاگادارەکان بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە، ئەم هێرشە ئاست بەرزانە لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئەنجامدراون و کۆگاکانی هەڵگرتنی درۆن و مووشەک و چەند بنکەیەکی سەربازیی تریان لە ناو خاکی ئێراندا کردووەتە ئامانج. لەم هێرشانەدا، ئیمارات کە خۆی لە سەرەتای جەنگەکەوە چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر ئێران زانیاریی هەواڵگریی ورد و پاراستنی ئاسمانیی بۆ فڕۆکەکانی کوەیت و بەحرەین دابین کردووە، کە ئەمەش نیشانەی هاوکارییەکی نوێی سەربازیی عەرەبییە دژی تاران.

ئەم پەرەسەندنە دوای ئەوە دێت کە ئێران لە هەفتەکانی رابردوودا هێرشە تۆڵەسێنەرەکانی چڕکردبووەوە سەر کوەیت و بەحرەین، کە هەردووکیان میوانداری بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکەن. سەرەڕای ئەوەی هێزی ئاسمانیی ئەم دوو وڵاتە بچووکە، بەڵام نەیانویستووە رێگە بدەن تاران بە بەردەوامی و بەبێ سزا هێرش بکاتە سەریان، بە تایبەتی دوای ئەوەی کۆتایی هەفتەی رابردوو کوەیت رایگەیاند ئێران هێرشی کردووەتە سەر وێستگەیەکی کارەبا و ئاوشاراندنەوە لەو وڵاتەدا.

گۆڤارەکە ئاماژە بەوە دەکات، وڵاتانی کەنداو لە نێوان جەنگێکدا گیریان خواردووە کە خۆیان نەیانویستووە، لەگەڵ دراوسێیەکی گەورە و تووڕەی وەک ئێراندا تووشی پێکدادان بن.

سەرچاوە: پەیمانگای لێکۆڵینەوەی جەنگ (ISW) و پڕۆژەی هەڕەشە ڕەخنەیییەکانی پەیمانگای ئینتەرپڕایزی ئەمریکی (AEI)؛ هێرشەکانی سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە 8 تاوەکوو 23 تەمووز

سوور: ئەمریکا

سەوز: ئێران

 

دینا ئیسفەندیاری، شیکەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بلوومبێرگ ئیکۆنۆمیکس لەم بارەیەوە گوتی: "بەردەوامبوونی ئەم جەنگە بەم شێوازەی ئێستا، خراپترین سیناریۆیە بۆ دەوڵەتانی کەنداو، چونکە دەرفەتی پاراستنی وێنای کەنداو وەک ناوچەیەکی ئارام و سەقامگیر لەناو دەبات و تێڕای مۆدێلی گەشەی ئابوورییان تێکدەدات."

لەگەڵ تێکچوونی کەرتی گەشتیاری و کێشەی هەناردەکردنی نەوت بەهۆی گەمارۆکانی ئێران لەسەر گەرووی هورمز و حووسییەکانیش لەسەر بابولمەندب، لایەنە عەرەبییەکان ئێستا تاوتوێی گرتنەبەری سیاسەتێکی هێرشبەرانەتر دەکەن.

ئومەر کەریم، توێژەری سیاسەتی سعوودی لە زانکۆی بێرمینگهام رایگەیاند: "وڵاتانی کەنداو خەریکە تێدەگەن کە جەنگەکە درێژە دەکێشێت و رەنگە ناچار بن بە ئاشکرا رووبەڕووی ئێران ببنە وە، تەنانەت پێدەچێت بیر لە گۆڕینی دەسەڵاتی تاران بکەنەوە، چونکە ژیان لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە بە مانای قبووڵکردنی هەژموونی ئێران دەبێت لە ناوچەکەدا."