لە چەند ناوچەیەکی ئێران تەقینەوە روویدا و بنکەیەکی ئەمریکی لە بەحرەین کرایە ئامانج
میدیای ئێران رایانگەیاند، تەقینەوەیەکی گەورە لە بەندەری کۆنارک لە پارێزگای بەلوچستان روویداوە، لە بەرامبەردا هێزەکانی ئێران بنکەیەکی سەربازی ئەمریکایان لە بەحرەین بۆردومان کردووە.
شەممە 25ـی تەممووزی 2026، میدیا ئێرانییەکان بڵاویانکردەوە، تەقینەوەیەک لە شاری سیریک لە رۆژهەڵاتی بەندەر عەباس تۆمار کراوە، هاوکات لە پارێزگای بەلوچستانیش هێرشکراوەتەوە سەر بەندەری کۆنارک، بەڵام تائێستا زیانەکان بە فەرمی رانەگەیەندراون.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوە هەواڵییەکان لە بەحرەین ئاشکرایان کرد، سێ تەقینەوەی بەهێز بنکەی سەربازیی "جوفێر"ی ئەمریکییان لەو وڵاتە هەژاندووە، میدیا عەرەبییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، دەنگی تەقینەوەی نوێ لە ناوچە جیاوازەکانی بەحرەین دەبیسترێت، هاوکات زەنگی ئاگادرکردنەوە لێدەدرێت و وەزارەتی ناخۆی وڵاتەکەش داوای کە هاووڵاتییانی کردووە، لە ماڵەکانیان و لە شوێنی پارێزراودا بمێننەوە.
سەبارەت بە هۆکاری تەقینەوەکانی بەحرەین، زانیارییە سەرەتاییەکان باس لە هەبوونی تێکچوونی تەکنیکی لە سیستەمی بەرگریی "پاتریۆت"ی ئەمریکی دەکەن، بەڵام میدیا ئێرانییەکان هۆکارەکەی بۆ هێرشەکانی ئێران دەگەڕێننەوە کە لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا ئەنجامیانداوە کە کراوەتە سەر ناوچە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە، هۆکارێکی دیکەش ئەو هێرشانەیە کە لەلایەن هاوپەیمانێتی عەرەبییەوە دژی حوسییەکانی یەمەن ئەنجامدراوە.
بەپێی زانیاریی سەرچاوە میدیاییەکانی بەحرەین، ئەو تێکچوونە لە سیستەمی پاتریۆت بووەتە هۆی ئەوەی یەکێک لە مووشەکە بەرگرییەکان لە کاتی هەڵدانیدا بە هەڵە لە ناو خودی بنکە سەربازییەکە و لە شوێنی هەڵدانەکەی بتەقێتەوە.