حوسییەکانی یەمەن: کردەوەکانی سعوودیە بێ وەڵام نامێننەوە
مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن (حوسییەکان) لە راگەیەندراوێکدا هۆشداریی توندی دایە سعوودیە و رایگەیاند، ئەو تاوانانەی ئەم دواییەی سعوودیە ئەنجامی داون، بە بێ وەڵام تێپەڕ نابن.
شەممە 25ـی تەممووزی 2026، مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن (حوسییەکان)ـی یەمەن، لە راگەیەندراوێکدا هەڕەشە لە سعوودیە دەکات و دەڵێت،" ئەو هاوکێشە بەرپەرچدانەوەیەی کە گەل و سەرکردایەتی و هێزە چەکدارەکانی یەمەن کێشاویانە، هاوکێشەیەکی روون و جێگیرە و پاشەکشەی لێ ناکرێت، مەکتەبی سیاسیی حوسییەکان جەختی کردووەتەوە، لەمەودوا مامەڵەکانیان بەپێی بنەمای وەڵامدانەوەی هاوشێوە دەبێت.
ئەنساروڵڵا لە پەیامەکەیدا بۆ هاوپەیمانیی عەرەبی نووسیویەتی: "گەمارۆ بەرامبەر گەمارۆ، بەندەر بەرامبەر بەندەر، و پەرەپێدانی گرژییەکان بەرامبەر پەرەپێدانی گرژییەکان دەبێت." هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، بەردەوامبوونی هێرش و دەستدرێژییەکان بۆ سەر یەمەن، هیچ ئەنجامێکی بۆ وڵاتانی هێرشبەر نابێت جگە لە تێچووی زۆر و زیانی زیاتر.
ئەم لێدوانە توندانەی حوسییەکان دوای ئەوە دێت، لە چەند رۆژی رابردوودا ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان هەردوولا لە ناوچە سنوورییەکان و رێڕەوە ئاوییەکاندا جارێکی دیکە رووی لە زیادبوون کردووەتەوە، لە دوایین پێشهاتدا هاوپەیمانێتی عەرەبی بە سەرکردایەتی سعوودیە هێرشێکی ئاسمانیان بۆ سەر پێگەی حوسییەکان ئەنجامدا، کە بەهۆیەوە دوو کەس کوژران و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.