ئەکسیۆس: ترەمپ دەرفەتی زیاتر دەدات بە ئێران و هێرشەکانی رادەگرێت

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی داوە هیچ هێرشێکی نوێ نەکەنە سەر ئێران، ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت بۆ ماوەی 13 رۆژی رابردوو، ئەمریکا بە شێوەیەکی بەردەوام و رۆژانە هێرشی دەکردە سەر ئامانجە ئێرانییەکان.

شەممە 25ـی تەممووزی 2026، بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەکسیۆس، ئەم هەنگاوەی ترەمپ رەنگدانەوەی ئارەزووی ئەوەیە کە دەرفەتی زیاتر بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بدرێت، هەروەها گەیشتن بەو قەناعەتەی کە ئاستی ئێستای هێرشەکان کاریگەرییەکەی گەیشتووەتە بنبەست، مەگەر ئەوەی ئەمریکا بگەڕێتەوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گەورە و فراوان.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، هەرچەندە سوپای ئەمریکا خەریکی ئامادەکردنی پلانە بۆ گەڕانەوە بۆ جەنگی گەورە، بەڵام ترەمپ هێشتا فەرمانی لەو شێوەیەی دەرنەکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا، سوپا دەتوانێت لە مەدایەکی کاتیی زۆر کورتدا بۆ هەر هێرشێکی نوێ ئامادە بێت ئەگەر فەرمانی پێ بدرێت.

ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، بژاردەی بەردەوامبوون لە هێرشەکان یان تەنانەت پەرەپێدانیان تا ئاستی "لەناوبردنی هەموو ئەو شتانەی ئێران هەیەتی" لەبەردەستدایە، بەڵام جەختی کردەوە، "ستراتیژیی ژیرانەتر" بریتییە لە گەیشتن بە رێککەوتن. هاوکات ترەمپ گوتی: "لە ئێستادا لەگەڵ ئێرانییەکان قسە دەکەین، پێم وایە رۆژ بە رۆژ جددیتر دەبن، ئێمە ئامادەین بۆ هەر ئەگەرێک، بەڵام لە گفتوگۆداین."

ئەم بڕیارەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ راگرتنی هێرشەکان چەند کاتژمێرێک دوای گەیشتنی شاندێکی عومانی بۆ تاران هات، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر رێککەوتنێکی نوێ بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە.

 سەرچاوە باس لەوە دەکەن، پێشکەوتنی باش لە گفتوگۆکاندا بەدی هاتووە و ئەگەری هەیە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا رێککەوتنێک لە نێوان عومان و ئێراندا واژۆ بکرێت، کە دواتر دەبێت ترەمپ بڕیار لەسەر پەسەندکردنی بدات.