بۆردوومانکردنی ژێرخان، وێستگەکانی ئاو و کۆگا سەربازییەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا ئاست و قەبارەی هێرشەکانی بۆ سەر قووڵایی خاکی ئێران گواستووەتەوە، کە تێیدا دەیان کۆگای مووشەکی، پرد، وێستگەکانی ئاوپاڵاو و مۆڵگەی سەربازی لە بەندەر عەباس و تاران کراونەتە ئامانج، سەرەڕای ئەوەی تاران بەهۆی پەرەسەندنی جەنگەکەوە کە تێیدا زیاتر لە 3 هەزار کەس کوژراون هێشتا پاشەکشەی نەکردووە.
شەممە 25ـی تەممووزی 2026، ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێس راپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا ئاست و مەودای هێرشە ئاسمانییەکانی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە قۆناخی جیاواز پەرەپێداوە، کە بە شێوەیەکی بەرچاو شێوازی دەستپێکی جەنگەکەی نێوانیانی وەرگرتووەتەوە.
دوای داڕمانی خێرای ئاگربەستە کاتییەکەی مانگی حوزەیران بەهۆی ململانێ لەسەر گەرووی هورمز کاتێک ئێران هێرشی کردە سەر کەشتییەکی بازرگانی، واشنتن ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی دەستپێکردەوە. ئەمریکا سەرەتا بە بۆردوومانی کەناراوەکان دەستیپێکرد بۆ لاوازکردنی توانای دەریایی ئێران لە هورمز، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا هێرشەکانی گواستەوە بۆ سەر پردەکان، هێڵەکانی گواستنەوە و قووڵایی ئاسایشی تاران.
سەرەڕای چڕیی هێرشەکان، ئەم شەپۆلە نوێیە هێشتا وەک 100 کاتژمێری یەکەمی دەستپێکی جەنگ لە 28ـی شوباتدا نییە کە تێیدا ئەمریکا و ئیسرائیل سەدان پێگەیان بۆردوومان کرد و تێیدا عەلی خامنەیی رێبەری باڵا، و سەرکردەکانی تریان کوشت. وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاندووە، لە دوای دەستپێکردنی جەنگەوە تا ئێستا 3,434 کەس کوژراون، کە 55 کەسیان لەم پەرەسەندنە نوێیەی ئەم دوو هەفتەیەدا گیانیان لەدەستداوە.
قۆناخی یەکەم: بۆردوومانکردنی کەناراوەکان و ناوچە دەریاییەکان
ئەمریکا لە دەستپێکدا بە چڕی هێرشی کردە سەر پارێزگاکانی خوزستان، بوشێهر، و هورموزگان. شاری بەندەر عەباس کە دەروازەیەکی گرنگی بازرگانی و سەربازیی ئێرانە لە گەرووی هورمز رووبەڕووی قورسترین بۆردوومان بووە وە، هاوشانی هێرشکردنە سەر دوورگەکانی قشم، ئەبوموسا، و کیش. لە بەشی رۆژهەڵاتیشدا، بنکە دەریاییەکانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان لەسەر دەریای عومان بۆردوومان کران بە بەکارهێنانی مووشەکی ورد، کەشتیی جەنگی و درۆنی دەریایی هێرشبەری یەک لایەنە.
قۆناخی دووەم: تێکدانی رێگاوبان، پردەکان و هێڵەکانی پەیوەندی
بۆردوومانەکانی ئەمریکا بوونە هۆی تێکدانی لانی کەم شەش پرد و تونێلێک لە دەوروبەری بەندەر عەباس بە مەبەستی دابڕاندنی بنکەکانی سوپای پاسداران لە ناوچەکە لەگەڵ ناوەنددا، کە ترافیکێکی زۆری لە سەر رێگاکان دروستکرد. هەروەها هێڵێکی ئاسنی شەمەندەفەر لە رۆژئاوای بەندەر عەباس و تەختی گواستنەوەی رادیۆیی و شەپۆلەکانی ئینتەرنێت بۆردوومان کران. تیمی ئەندازیاریی ئەمریکا بۆ سێ رۆژ لەسەریەک بورجی پەیوەندی دەریایی بەندەری تێکشکاند و پەیوەندی نێوان کەناراوەکان و دوورگەکانی خارگ و قشمی پچڕاند، و لەگەڵیدا کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ئارد لە قشم بۆردوومان کرا.
لە لایەکی دیکەوە، بەشێک لە کارەبای پارێزگای خوزستان بەهۆی لێدانی وێستگەکانەوە پچڕا، و وێستگەیەکی ئاوی کشتوکاڵی لە خوزستان تێکشکێنرا کە تێیدا کەسێک کوژرا. هەروەها وێستگەیەکی گەورەی ئاوپاڵاو لە ناوچەی "جاسک" کە ئاوی بۆ 10 هەزار هاووڵاتی دابین دەکرد، بە تەواوی لە لایەن فڕۆکەکانی ئەمریکاوە تێکشکێنرا (ئەم هێرشە پاش کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی بوو لە ئوردن بەهۆی درۆنی ئێرانییەوە). هەروەها بۆردوومانکردنی دەروازەیەکی سنووری لەگەڵ عێراقدا بووە هۆی کوژرانی دوو زیارەتکار. واشنتن جەختی کردەوە کە هێرشەکان تەنیا بۆ سەر ژێرخانی لۆجستی بووە و وەک ترەمپ هۆشداری دابوو، لە بەرامبەر هەر هێرشێکی ئێراندا پردێک یان وێستگەیەکی کارەبا لەو وڵاتەدا تێکدەشکێنن.
قۆناخی سێیەم: بۆردوومانکردنی قووڵایی خاکی ئێران
لە قۆناخی سێیەمدا هێرشەکانی ئەمریکا چوونە ناو قووڵایی خاکی ئێران، و بنکە سەربازییەکانی سوپای پاسداران کە بەرپرس بوون لە هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا کرانە ئامانج. لەم چوارچێوەیەدا، سەربازگەیەکی لە شاری ئێرانشار لە باشووری رۆژهەڵات بۆردوومان کرا و تێیدا حەوت سەربازی ئێرانی کوژران و دەیانی تر بریندار بوون. هەروەها دوو هێرش کرایە سەر بارەگای هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران لە خوزستان.
ناوچەی تارانی پایتەخت تا ئێستا تەنیا دوو جار بۆردوومان کراوە؛ یەکەمیان بۆردوومانکردنی کۆمەڵگای سەربازیی "خۆجیر" بوو لە نزیک تاران کە بە یەکێک لە گەورەترین کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی ئێران دادەنرێت، و دووەمیشیان لێدانی بنکەیەکی مووشەکی تر بوو لە دەوروبەری پایتەخت.
سەرەڕای ئەم زیانە قورسانە، لایەنە ئێرانییەکان هێشتا پاشەکشەیان نەکردووە و بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان، لە کاتێکدا هێزەکانی ئیسرائیل لەم خولە نوێیەی شەڕدا بەشدارییان نەکردووە و نەبوونەتە ئامانجی هێرشەکانی تاران.
