عێراقچی: دوژمنایەتیمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ نییە

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەسەر بەردەوامیی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە کردەوە و رەتی کردەوە هیچ جۆرە دوژمنایەتییەکیان بەرامبەر دراوسێیەکانیان هەبێت.

شەممە 25ـی تەممووزی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە بەندی پێنجەمی یاداشتی لێکتێگەیشتن کرد، کە تێیدا هاتووە دەبێت ئێران رێکاری پێویست بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز لە ماوەی مانگێکدا بگرێتە بەر، هەروەها روونی کردەوە، ئەم رێکارانە بەو مانایەن کە ئێران خۆی رێڕەوی کەشتیوانی دیاری دەکات، بە جۆرێک کە گەرەنتی گەڕانەوەی جوڵەی دەریاوانی بۆ ئاستی پێش جەنگ بکات.

وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: "ئەگەر بڕیار بێت رێڕەوێکی نوێی کەشتیوانی زیاد بکرێت یان رێڕەوێکی دیکە لاببرێت، دەبێت لە چوارچێوەی راوێژ لەگەڵ ئێران و بەپێی بەندی پێنجەم بێت." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو رێڕەوانەی ئێران دیارییان دەکات لەسەر بنەمای رەچاوکردنی لایەنی ئەمنی و سەلامەتیی دەریاوانییە، بەتایبەت کە پێشتر ناوچەکە مینڕێژ کراوە.

هەروەها عێراقچی ئەمریکییەکانی تۆمەتبار کرد بەوەی کەشتییەکان لەو رێڕەوانە دوور دەخەنەوە کە تاران دیاریی کردوون و ناچاریان دەکەن رێڕەوی دیکە لە گەرووی هورمز بەکار بهێنن.

ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدا دێن، هێرشەکانی تاران بۆ سەر ئەوەی ناوی دەنێت بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا روویان لە زیادبوون کردووە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا کە پێشتر چەند شارێکی ئێرانی کردبووە ئامانج.