لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان هەموارە نوێیەکانی یاسای خانەنشینی سەربازی ئاشکرا دەکات

لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێکهێنانی تیمێکی کاری هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری راگەیاند، بە مەبەستی ئەنجامدانی گۆڕانکاریی ریشەیی لە یاسای خزمەت و خانەنشینی سەربازی ژمارە (3)ی ساڵی 2010، هەموارەکان چەندین بڕگەی گرنگ سەبارەت بە تەمەنی خانەنشینی و مافی کارمەندانی گرێبەست و کەسوکاری شەهیدان لەخۆ دەگرن.

شەممە 25ـی تەممووزی 2026، عەلی ئەنهێر ئەلسەرای، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی سەرەتایی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە، ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە پێشنیازە سەرەکییەکان ئەوەیە کە خزمەتی کردەیی بۆ خانەنشینبوون بکرێتە 15 ساڵ، لەگەڵ دیاریکردنی تەمەنی (40 یان 45) ساڵ وەک تەمەنی خانەنشینبوون.

ئەلسەرای روونی کردەوە، ئەگەر کارمەندێک 15 ساڵ خزمەتی تەواو کردبێت بەڵام نەگەیشتبێتە تەمەنی دیاریکراو (40 یان 45 ساڵ)، ئەوا مووچەی خانەنشینی وەرناگرێت تا ئەو کاتەی دەگاتە ئەو تەمەنە، هەروەها گوتیشی،" ماوەی 15 ساڵی خزمەتەکە ساڵانی راهێنان و خوێندنیش دەگرێتەوە و وەک خزمەتی کردەیی هەژمار دەکرێت.

سەبارەت بە کارمەندانی گرێبەست، هەموارە نوێیەکە بڕگەیەک بۆ پاراستنی مافەکانیان لەخۆ دەگرێت و هەوڵ دەدرێت شایستە داراییەکانیان هاوشێوەی کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ بێت.

لە لایەکی دیکەوە، هەموارەکە گۆڕانکاریی گرنگی لە مافی شەهیدان و برینداران کردووە، بە جۆرێک هەر کارمەندێکی سەربازی لە کاتی چوون بۆ دەوام یان گەڕانەوە تووشی هەر رووداوێک بێت، پلەی شەهیدی پێ دەدرێت، هەروەها ئەو کەسانەی لە ناو سەربازگەکاندا بەهۆی نەخۆشیی درێژخایەن یان کاریگەریی تیشکەکان لە کەرتەکانی ئۆپەراسیۆن گیان لەدەست دەدەن، وەک شەهیدی تەواو هەژمار دەکرێن و هەموو مافەکانیان بۆ دەبڕدرێتەوە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئەلسەرای ئاماژەی بەوە کرد، وەک ئیمتیازێک بۆ منداڵانی شەهیدان، بڕیار دراوە 5 نمرەی (ئیمتیاز)یان پێ بدرێت لە کاتی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ زانکۆ و پەیمانگە حکوومی و ئەهلییەکان، هاوشێوەی ئەو ئیمتیازاتەی لە وەزارەتی ناوخۆدا پەیڕەو دەکرێت.