هۆشداری لە کەمبوونەوەی جبەخانەی ئەمریکا دەدرێت
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز و چەند سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئەمریکی ئاشکرایان کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پلانەکانی بۆ پەرەپێدانی هێرشە سەربازییەکانی سەر ئێران راگرتووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکان، جیه دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و جەنەڕاڵ دان کین، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەکی کۆشکی سپیدا نیگەرانییان بە ترەمپ گەیاندووە. جەنەڕاڵ دان کین بە شێوەیەکی نهێنی هۆشداری داوە، توندکردنەوەی هێرشەکان دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی مەترسیداری جبەخانەی مووشەکە بەرگرییەکانی پاتریۆت و چەکەکانی دیکەی بەرگریی ئاسمانی پێنتاگۆن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاستی ئامادەباشی ستراتیژی ئەمریکا دەبێت.
سەرچاوەیەک لە پێنتاگۆنەوە بە تۆڕی CNNی راگەیاندووە، ئێستا ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان هەڵپەسێردراون. بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن؛ مەترسی هەیە پەرەسەندنی زیاتری جەنگ ببێتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوپەیمانە سەرەکییەکانی کەنداو، پەککەوتنی بازاڕی وزە، قەیرانی کۆچبەران و ناسەقامگیری ئابووریی جیهانی.
ستیڤن چیۆنگ، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی رایگەیاند: "سەرۆک ترەمپ هەمیشە دیپلۆماسییەتی پێ باشترە، بەڵام ئەگەر ئێران لە چالاکییە تیرۆریستییەکانی لە گەرووی هورمز بەردەوام بێت، هەموو بژاردەکان لەبەردەستدا دەمێننەوە."
لە لایەکی دیکەوە، ترەمپ جەختی کردەوە، ئێرانییەکان ئێستا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن جددیترن و بۆ دانوستان چالاکانە بەردەوامن.
نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوە کردووە، زۆربەی نزیکەکانی ترەمپ پەرەپێدانی جەنگەکەیان بە ناحەکیمانە وەسف کردووە. بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێت؛ هێرشەکان ئەنجامی پێچەوانەیان هەبووە، چونکە وایکردووە ناوخۆی ئێران یەکبگرن و سەرکردە ئێرانییەکان تیشک بخەنە سەر هەڕەشەی دەرەکی.
لەلایەکی دیکەوە، شۆن بارنێل، گوتەبێژی پێنتاگۆن، هەوڵیدا نیگەرانییەکان بڕەوێنێتەوە و رایگەیاند؛ سوپای ئەمریکا بەهێزترینە لە جیهاندا و توانای جێبەجێکردنی هەر فەرمانێکی هەیە کە سەرۆک بڕیاری لێ بدات.