وەزارەتی پەروەردە گۆڕانکاری لە 110 کتێبی خوێندن دەکات
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەورەترین پڕۆژەی گۆڕانکاری لە پڕۆگرامی خوێندن دەستپێکردووە و ئەمساڵ 110 کتێب لە هەموو قۆناخەکاندا دەستکاری کراون؛ بەڕێوەبەری گشتی پڕۆگرامەکانیش دەڵێت، تاوەکو ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول هەموو کتێبەکان دەگەنە دەست قوتابیان.
حەسەن سەرتیپ جاف، بەڕێوەبەری گشتی پڕۆگرامی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەمساڵ گەورەترین گۆڕانکاری لە پڕۆگرامی خوێندن کراوە کە لە قۆناخی باخچەی ساوایانەوە تا پۆلی 12ی ئامادەیی دەگرێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، 12 بابەتی نوێ ئامادە کراون کە لەسەر ئاستی عێراق بە "جوانترین پاکێجی گۆڕانکاری" دادەنرێت.
سەبارەت بە وردەکاریی گۆڕانکارییەکان، ناوبراو روونی کردەوە کە بۆ باخچەی ساوایان تیشک خراوەتە سەر بابەتەکانی نیشتمانی، ژینگە و هاووڵاتیبوون. هەروەها گۆڕانکاریی لە کتێبی کوردی پۆلی 6ی بنەڕەتی، پڕۆگرامی هونەری پۆلەکانی 7، 8 و 9، زانستی پۆلەکانی 6، 8 و 9، بیرکاری پۆلی 11 و کیمیای پۆلەکانی 11 و 12 کراوە.
لەبارەی تێچووی چاپکردنی کتێبەکانەوە، حەسەن سەرتیپ جاف ئاشکرای کرد کە تێچووەکە لەنێوان 23 بۆ 25 ملیار دینار دەبێت. کتێبەکان لە چاپخانەی "مەسار" لە وڵاتی ئیمارات چاپ دەکرێن، کە چاپخانەیەکی نێودەوڵەتییە و 19 وڵاتی جیهان کتێبەکانیانی لێ چاپ دەکەن.
بەڕێوەبەری گشتی پڕۆگرامەکان باسی لەوەش کرد، کە سەرجەم کتێبەکان دەکرێنە ئەلیکترۆنی و دەخرێنە ناو ئەو "قوتابخانە ئەلیکترۆنییە"ی کە وەزارەتی پەروەردە ئامادەی کردووە. دڵنیاییشی دا کە تاوەکو 15ی ئەیلوول و کاتی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، سەرجەم کتێبەکان لە ناوەندەکانی خوێندن ئامادە دەبن.
وەزارەتی پەروەردە تاوەکو ئێستا 80%ی کارەکانی گۆڕانکاری لە پڕۆگرامەکان تەواو کردووە و بڕیارە تا ساڵی خوێندنی 2028 - 2029 تەواوی پڕۆسەی گۆڕانکاری لە پڕۆگرامەکانی خوێندن کۆتایی بێت.