هەڵگورد شێخ نەجیب: بە سیستەم رێگریمان لە قۆرخکاریی دابەشکردنی بەنزین کردووە

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سیستەمێکی نوێ بۆ دابەشکردنی ئەو بەنزینە پەیڕەو دەکات کە بە پاڵپشتیی حکوومەت دەگاتە سنوورەکە، ئەوەش بە مەبەستی رێکخستنەوەی پرۆسەکە و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان.

ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی تەممووزی 2026، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "سیستەمێکمان دروستکردووە کە بەتەواوی کۆنترۆڵی هاتن و دابەشکردنی ئەو بڕە بەنزینە دەکات کە بە پاڵپشتیی حکوومەت دێتە سنووری ئیدارەی سۆران واتە بەنزینی 750 دیناری."

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران ئاماژەی بەوەش کرد، لە سەرەتاوە کارتێکی تایبەت بۆ پاس و تەکسییەکان دروستکراوە تاوەکو نەچنە نۆرەی بەنزین و بارگرانی لەسەر هاووڵاتیان دروست نەبێت، هاوکات هانی خەڵک بدرێت زیاتر پشت بە هاتوچۆی گشتی ببەستن و کەمتر ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان بەکاربهێنن.

شێخ نەجیب باسی لەوەش کرد، پلانمان هەیە ئەم سیستەمە فراوانتر بکەین، ئەمەش وەک تەواوکەری بەرنامەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبینرێت بۆ دیجیتاڵکردنی فەرمانگە و دامەزراوەکان. جەختیشی کردەوە، شەفافیەت یەکێکە لە دەستکەوتە سەرەکییەکانی ئەم سیستەمە نوێیە.

سەبارەت بە رەوشی سووتەمەنی و قەیرانی ئێستای بەنزین، ئاماژەی بەوە دا، ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کاریگەرییان لەسەر قەیرانی سووتەمەنی نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لەسەر تەواوی ناوچەکەش دروستکردووە، هەروەها ئاشکرای کرد، دوێنێ بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەڕێوەچووە و کۆمەڵێک بڕیار و راسپاردە لەسەر بەنزین ئامادەکراون تاوەکو رادەستی سەرۆکی حکوومەت بکرێن.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاشکرای دەکات ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی باڵا لەبارەی کێشەی بەنزین بەڕێوەدەچێت و بڕیاری پێویستی لەبارەوە دەدرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ دووشەممە، لەهەولێر بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومی لەرێگەی کارتی ئەلیکترۆنی دابەشکرا و کە هەر شۆفێرێک بڕی 40 لیتر بەنزینی پێدەدرێت.